کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سزای ١٣ مانگ بەندکران و ٤٠ قامچی بۆ سەر بەندکراوێکی سیاسیی کورد

18:10 - 29 گەلاوێژ 2725

کیانووش چراغی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری دێهلوڕان سەر بە پارێزگای ئیلام، ڕێکەوتی ٢٦ی گەلاوێژ لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ئەم شارە بە زیاتر لە ١٣ مانگ بەندکران و ٤٠ قامچی مەحکووم کرا.
بەپێی زانیارییەکان ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە کە لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"ـیە، لەلایەن دادگای تاوانەکانی دێهلوڕانەوە بە تۆمەتی "بێڕێزی بە بەرپرسان و مەئمووران و بڵاوکردنەوەی نێوەڕۆکی چەواشە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان"، بە ١٣ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکران و ٤٠ قامچی مەحکووم کراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم پێوەندییەدا بە ئاژانسی مافی مرۆیی "کوردپا"ـی ڕاگەیاندووە کە کیانووش بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی نیوەڕۆکی چەواشە لە تۆڕی ئیستاگرامدا بە ١٣ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکران و هەروەها بە تۆمەتی بێڕێزیکردن بە مەئمووری ڕێژیم بە ٤٠ قامچی حوکم دراوە.
چراغی دوایین جار ڕێکەوتی ٣ی پووشپەڕ و مانگێک پاش ئازادبوونی لە بەندیخانەی ئیلام، بەبێ هیچ حوکمێکی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام کراوە.
ئەم بەندکراوە کوردە هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات بە ناڕەزایەتی بە دەرکردنی فەرمانی بەندکرانی بۆ ماوەی یەک مانگ، دەستی کردووە با مانگرتن لە خواردنی وشک.
کیانووش لە ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٢ی هەتاویدا بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی بەدژی نیزام" بە ساڵیک بەندکرانی داسەپاو و پاشان لە خەزەڵوەری هەمان ساڵدا بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی نێوەڕۆکی چەواشە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان" بە ٢ ساڵ بەندکران و نووسینی ٢٠٠ لاپەڕە لێکۆڵینەوە، حوکم درابوو.
هەر لەم پێوەندییەدا ڕێکەوتی ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٤، ئەکرەم سەبزی، هاوسەری کیانووش کە پێشتر بە تۆمەتی "پڕۆپاگاندا بە دژی نیزام" بە ٣ مانگ بەندکرانی داسەپاو حوکم درابوو، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاگادار کراوەتەوە کە لە ئەگەری دووپاتبوونەوەی هەوڵەکانی، حوکمەکەی دەکوێتە بواری جێبەجێ کردنەوەوە.
پێشتر حوکمی ئەکرەم لە ٣ مانگ بەندکرانی داسەپاوەوە بۆ ٨ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن سزای نەختی و بەندکرانی هەڵپسێردراو گۆڕدرابوو.