کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: خەڵکی ئێران قوربانیی گەندەڵی و خەرجکردنی پارە بۆ گرووپە چەکدارەکانن

18:24 - 12 گەلاوێژ 2725

دوابەدوای پەرەسەندنی قەیرانی ژێرخانی و مرۆیی لە ئێران، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە بلاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، ڕێژیمی ئێرانی بە گەندەڵی پێکهاتەیی و دابینکردنی بوودجە بۆ گرووپە تێرۆریستییەکان لەبری باشترکردنی ژێرخانی ناوخۆیی تاوانبار کرد.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە که خەڵکی ئێران شایستەی ژیانێکی زۆر باشترن و هەروەها ڕاشیگەیاند کە ڕێژیمی ئێران سەرچاوە بەرفراوانەکانی گازی سروشتی و نەوتیی وڵات، لە پێوەندی لەگەڵ خۆشگوزەرانی هاوڵاتییاندا بەکار ناهێنت بەڵکوو خەرجی گرووپە نیابەتییەکان و سیاسەتە ناوچەییەکانی خۆی دەکات و بەمەش خەڵکی ئێرانی ڕووبەڕووی قەیران و تەنەگەژە کردووەتەوە.

ئەم بەیاننامەیە لە کاتێکدا بڵاو کراوەتەوە کە کێشەی نەبوونی ئاو و پچڕانی بەردەوامی کارەبا لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران وەک تاران، شاباد، ئەهواز و کرماشان بووەتە پرسێکی ڕۆژانەی میلیۆنان هاووڵاتی.

شارەزایانی بواری ژینگە لە ساڵانی ڕابردوودا سەبارەت بە خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان و تێکدانی ژینگە لە ئێراندا هۆشدارییان داوە، بەڵام ڕێژیمی ئێران لە جیاتی بەهەند وەرگرتنی هۆشدارییەکان و چارەسەری ئەو کێشانە، سامانە ئابوورییەکانی وڵاتی خەرجی دەستێوەردان لە ناوچە جیاجیاکان و گرووپە چەکدارەکان کردووە.