
بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی نیزام پەرستاری لە بەرنامەیەکی تلویزیۆنیدا پشتڕاستی کردەوە کە کەمیی بەرچاوی پەرستاران لە ئێراندا بووەتە هۆی ئەوەیکە بەشە گرینگەکانی نەخۆشخانەکان، لەوانە ICU و ژووری فریاکەوتن دابخرێن.
بە وتەی ئەحمەد نەجاتیان بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی نیزام پەرستاری، لە زۆرێک لە شارەکان لانیکەم یەک یان دوو بەشی دەرمانی بەم هۆیەوە داخراون و نەخۆشەکان لە وەرگرتنی خزمەتگوزارییە گرینگەکان بێبەش کراون.
نەجاتیان هۆشداری دا کە ئەگەر ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت، تەنانەت ئەگەری داخستنی نەخۆشخانەکانیش لە داهاتوودا هەیە.
ئەحمەد نەجاتیان هەروەها ڕایگەیاند کە بڕیارە لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا دوو هەزار تەختی نەخۆشخانە لە تاران بکرێتەوە، بەڵام هیچ پلانێک بۆ دابینکردنی لانیکەم سێ هەزار پەرستار کە بۆ ئەم پرۆژەیە پێویستە نییە.
ئەو بەرپرسە جەختی لەوە کردەوە کە ژێرخان و کەرەستەی پێویست بۆ نەخۆشخانە دابین کراوە، بەڵام نەبوونی توانای مرۆیی وای کردووە پلانەکان لەسەر ڕووپەڕ بمێننەوە و نەخۆشەکان بەردەوام ڕووبەڕووی قەیرانی نەبوونی خزمەتگوزاریی پزیشکی ببنەوە.
کەمیی پەرستار بۆتە قەیرانێکی کوشندە لە سیستمی تەندروستی ئێراندا، قەیرانێک کە نەک هەر بووەتە هۆی داخستنی بەشە گرینگەکانی وەک ICU و ژووری فریاکەوتن، بەڵکوو نەخۆشەکانی لە سەرەتاییترین خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانیش بێبەش کردووە.
دژبەیەکیی ئاشکرای نێوان پەرەپێدانی ژێرخانەکان و پشتگوێخستنی سەرچاوە مرۆییەکان نیشان دەدات کە سیاسەتە تەندروستییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕاستای خزمەت بە ژیانی و سڵامەتی خەڵکدا نەبووە.