
شارەوانیی تاران پارچەی ٤١ی "بەهەشتی زەهرا"ـی ئەو شارەی کە شوێنی بە خاک ئەسپێردراوانی سێدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەیەی ٦٠ی هەتاویدا بوو، کرد بە پارکینگ.
ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی گەلاوێژ، داوود گوودەرزی، جێگری شارەوانیی تاران، وتی: "پارچەی ٤١ هەروا مابوویەوە کە شوێنی لەسێدارەدراوانی ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق بوو، لە بەرپرسان مۆڵەتنامەمان وەرگرت و پاشان کردمان بە پارکینگ بۆ پارچەی ٤٢ی گۆڕستانەکە".
کۆماری ئیسلامیی ئێران ساڵانێکە لەهەوڵدایە بە تێکدانی کێلەکان و چاندنی نەمام، ئاسەواری یەکێک لە تاوانە مێژووییەکانی خۆی لەم گۆڕستانە بسڕێتەوە.
لە ئێستادا ڕێژیمی ئیسلامی بەم هەوڵەی، تا ڕادەیەکی بەرچاو دەسپێڕاگەیشتنی بنەماڵەی قوربانییان بە گۆڕی کەسوکارەکانیان سنووردار دەکاتەوە.
کۆماری ئیسلامی بەو هیوایەیە کە لە داهاتووشدا ناو و یادی ئەو قوربانییانە لە هەموو کاتێکی دیکە زیاتر بەرەو لەبیرکردن بڕوات.
پارچەی ٤١ی بەهەشتی زەهرای تاران کە بە پارچەی لەسێدارە دراوان و پارچەی سووتاو دەناسرێت، شوێنی ناشتنی هەزاران بەندکراوی سیاسیی دژبەری کۆماری ئیسلامی پاش شۆڕشی ٥٧ـی گەلانی ئێران بوو.
گرووپی توێژینەوەی "ڕاست یاد" ڕایگەیاندووە کە تاکوو ئێستا توانیویەتی زانیارییەکانی زیاتر لە ٣ هەزار و ٥٠٠ کەس لە "ئێعدامییان"ـی ساڵی ١٣٦٠ هەتاوی تۆمار بکات و جەختیشی کردووەتەوە کە زیاتر لە ١٠٠ کەس لەم ڕێژەیە تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە سێدارە دراون.