کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژمارەی لەسێدارەدراوان لە ئێران لە ساڵی ٢٠٢٥ گەیشتە ٧٣٠ کەس

10:39 - 11 گەلاوێژ 2725

تەنیا مانگێک لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥ی زایینی تێدەپەڕێت و ئامارە بڵاوکراوەکان لەلایەن ناوەندە مافی مرۆڤییەکان باس لە بەرزبوونەوەی بێوێنەی جێبەجێکرانی سزای سێدارە دەکەن.

 بونیادی عەبدولڕەحمان بروومەند ڕایگەیاندووە کە لە سەرەتای مانگی جوولایەوە تاکوو ئێستا، لانیکەم ١٠٢ کەس لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون و ژمارەی تەواوی لەسێدارەدانەکان لەم ساڵەدا هەتا ئەمڕۆ گەیشتووەتە لانیکەم ٧٣٠ کەس.

ئەم ئامارە لەکاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە پێشتریش، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران باسی لە تۆمارکردنی لانیکەم ٦١٢ حاڵەتی لەسێدارەدان لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ کردبوو کە بە بەراورد لەگەڵ ماوەی زەمەنیی هاوشێوە لە ساڵی ڕابردوودا، ١١٩ لەسەد بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە.

لە نێوان لەسێدارەدراوانی نیوەی یەکەمی ساڵدا، ١٧ ژن، ٤٠ هاووڵاتیی ئەفغانستانی، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی هەرێمی کوردستانی باشوور و کەسێک لەژێر ناوی هاووڵاتیی بیانی هەن و دوو حاڵەتی سێدارەش لە بەرچاوی خەڵکەوە جێبەجێ کراون.

بەپێێ ئەم ڕاپۆرتە، تەنیا ٤٧ حاڵەتی لەسێدارەدانەکان لەلایەن میدیاکان یان بەرپرسانی فەرمیی ڕێژیمی ئێرانەوە ڕاگەیەندراون و باقی حاڵەتەکان بە شێوەی نهێنی جێبەجێ کراون.

تۆمەتە وەپاڵدراروەکان دژی ئەم کەسانە، تاوانەکانی پێوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر و کوشتنی بەئەنقەست و بابەتگەلێکی ناڕوونی وەک موحاربە و افساد فی‌الارض لەخۆ دەگرن.

فولکر تورک، کۆمیساری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاماژە بە لەشیادرەدانی دوو بەندکراوی سیاسیی دیکە لە ڕۆژانەی ڕابردوودا، وێڕای مەحکوومکردنی ئەم ڕەوتە، سەبارەت بە دەرچوون و جێبەجێکردنی سزای مەرگ لبە شێوەی نهێنی هۆشداریی دا و خوازیاری ڕاگرتنی ئەم ڕەوتە بوو.

نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕایگەیاند کە ئێستاکە لانیکەم ٤٨ کەس لە ریزی لەسێدارەداندان کە گیانی ١٢ کەسیان بە شێوەیەکی جیددی لە مەترسیدایە.