کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی بەندکراوێکی سیاسیی پێشوو لە بۆکان

18:27 - 12 گەلاوێژ 2725

سەید حوسێن محەممەدی بەندكراوی سیاسیی پێشوو و خەڵكی بۆكان، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە لەم شارە دەسبەسەر کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی ''چاونیووز'' ڕۆژی هەینی ١٠ی گەلاوێژ، سەید حوسێن محەممەدی، بەندكراوی سیاسیی پێشوو و خەڵكی گوندی ''ئاڵیكەند''ی سەر بە بۆكان، دوای بانگکرانی لە ڕێگەی پێوەندییەکی تلفۆنییەوە، لەلایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەیەوە وتوویەتی؛ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم دوای ئەوەی نەیانتوانیبوو سەید حوسێن محەممەدی دەسبەسەر بکەن دەستیان بەسەر ماشینی ناوبراو گرتبوو.

ناوبراو پێشتریش لە ساڵی ١٣٩٧ بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم" دەسبەسەر و ٣٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێنرابوو.

دوای تێپەرێنی دوو ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی ناوبراو، هێشتا زانیارییەكی ورد لەسەر هۆكارەكانی دەسبەسەركران، شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتە سەپێندراوەكان بۆ سەر ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.