
هەیئەتی سەربەخۆی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، نیگەرانیی قووڵی خۆی لە بڕیاری لقی ٣٩ی دادگای باڵا بۆ پەسەندکردنی حوکمی لەسێدارەدانی شەریفە محەممەدی، چالاکوانی کرێکاری و مافی ژنان دەربڕی.
شەریفە محەممەدی لە مانگی سەرماوەزی ١٤٠٢، بەهۆی چالاکییەکانی لە "کۆمیتەی هاواهەنگی بۆ پێکهێنانی یەکیەتییە کرێکارییەکان، دەسبەسەر و بە تۆمەتی "بەغی" لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕەشتەوە دادگایی کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەو هەیئەتە، شەریفە محەممەدی دوای دادگاییکردنێک کە مافەکانی ڕێکاری یاسایی تێدا ڕەچاو نەکرا، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
دوای ساڵێک، دادگای باڵای ڕێژیم حوکمی لەسێدارەدانەکەی بەهۆی کەمیی بەڵگەوە هەڵوەشاندەوە، بەڵام لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ڕەشت، دوای دانیشتنێکی کورتی ئانلاین و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەرێک بە شێوەی سنووردار، جارێکی تر سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند، ئێستاش دادگای باڵا بەبێ ئەوەی چارەسەری کەموکوڕییە یاسایی و ڕێکارەکانی پێشوو بکات ئەم حوکمەی پشتڕاست کردووەتەوە.
هەیئەتی کۆمیتەی سەربەخۆی دۆزینەوەی ڕاستییەکان سەبارەت بە کۆماری ئیسلامیی ئێران خوازیاری ڕاگرتنی خێرای حوکمی لەسێدارەدانی شەریفە محەممەدی و لەسێدارەدانەکانی دیکە بووە و لەبابەت مەترسیی جیددی ڕووبەڕووبوونەوەی قەزایی لەگەڵ چالاکانی مافی ژنان و کرێکاران و بەشدارانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" هۆشداری داوە.