کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووپی حەوت: ئێران نابێت چەکی ئەتۆمیی هەبێت

10:32 - 30 گەلاوێژ 2725

گرووپی حەوت لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، کۆماری ئیسلامی بە هیچ شێوەیەک نابێت دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕابگات.
لەم بەیاننامەیەدا کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی گەلاوێژ بڵاو کراوەتەوە هاتووە، حکوومەتی ئێران دەبێت ئەندامی "ئێن پی تی" بمێنێتەوە و پێبەندییەکانی خۆی وەک وڵاتێک کە خاوەنی چەکی ئەتۆمی نییە ڕچاو بکات.
گرووپی حەوت جەختی لە سەر پێبەندییەکانی خۆی بە ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردووەتەوە و خوازیاری دەسپێکی وتووێژەکان بۆ گەیشتن بە دانوستانێکی گشتگیر سەبارەت بە بەرنامە ناوکییەکانی تاران بووە.
بەیاننامەکەی گرووپی حەوت لە بەشێکی دیکەدا پەرژاوەتە سەر بابەتی پشتیوانییەکانی تاران لە میلیشیکان لە ناوچەکەدا و سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی مووشەکە بالستیکەکانی کۆماری ئیسلامی کە کەوتووەتە دەستی چەکدارانی حوسی، حیزبوڵڵا، حەشدی شەعبی و حەماس، نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە.
هەروەها ئەم گرووپە داوای لە کۆماری ئیسلامی کردووە کە لە هەوڵەکانی بۆ گرژترکردنەوەی دۆخەکە خۆ بپارێزێت و هاوکارییەکانی خۆی لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی دەست پێ بکاتەوە.
لەلایەکی دیکەوە وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە کە بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ ئاژانس دەبێت چاوەدێرانی ئەم ڕێکخراوە بێنەوە تاران.
کۆماری ئیسلامی پاش دەسپێکی شەڕی ١٢ ڕۆژە هاوکارییەکانی خۆی لەگەڵ ئاژانس بۆ شێوەی کاتی ڕاگرت و چاوەدێرانی ئەم ڕێکخراوە لە ئێران چوونە دەرەوە.
هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردبوو کە عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی تاران، پاش ڕوودانی شەڕی ١٢ ڕۆژە و بینیبی تێچووەکانی، مەیلی بە دانوستان و ڕێککەوتن زیاتر بووە.