کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی سەقز بۆ سێهەمین جار

11:55 - 30 گەلاوێژ 2725

نەریمان ڕەندانی، چالاکی مەدەنی خەڵکی سەقز، بۆ جاری سێهەم لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لەو شارە دەسبەسەر کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپا کاتژمێر ٦ی بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی گەلاوێژ، نەریمان ڕەندانی، چالاکی مەدەنیی تەمەن ٣٥ ساڵ، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە ماڵەکەی خۆی لە سەقز دەسبەسەر کرا.

بە وتەی میلاد ڕەندانی برای نەریمان، کاتژمێر ٦ی بەیانی، هێزەکانی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان و نەریمانیان دەسبەسەر کردووە، هەروەها میلاد ڕەندانی، بۆ ماوەی چەند کاتژمێر دەسبەسەر و پاش لێدان و توندووتیژی ئازاد کراوە.

پێشتریش ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بانەمەڕی ١٤٠٤، نەریمان ڕەندانی بە دانانی بارمتە، بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٤، جارێکی دیکە نەریمان ڕەندانی لە شوێنی کارەکەی بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی سێشەممە ٧ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٣، ناوبراو دانانی بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەنی، بە شێوەیەکی کاتی لە زیندانی سەقز ئازاد کرا.

ئەم چالاکە مەدەنییە دوای تەواوکردنی ڕەوتی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی شاری سنە بۆ زیندانی سەقز گواسترایەوە.

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندان ساڵی ١٤٠٣، نەریمان ڕەندانی کە لە بوارەکانی هونەر و مۆسیقادا چالاکە، لە پێوەندی لەگەڵ مانگرتنی گشتی نا بۆ لەسێدارەدان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەبێ بەڵگەی دادوەری دەسبەسەر کرا.