
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، ڕێژیم لە هەوڵێکی بێوێنەدا دەستی کردووەتە داگیرکردنی ماڵ و دارایی بەهاییەکان لە ئێسفەهان.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ڕێژیم بە ناردنی کورتە نامە بۆ بەهاییەکانی ئێسفەهان، لە بابەتی زەوتکردنی خانوو و داراییەکانیان ئاگاداری کردوونەتەوە.
کۆمەڵگای جیهانیی بەهاییەکان لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە ئەم داگیرکارییە بریتییە لە زەوتکردنی خانوو، ماشین و داراییەکانی دیکە و بەپێی بڕگەی ٤٩ی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی جێبەجێ دەکرێت.
ئەم بڕگەیە باس لەوە دەکات کە ئەو داراییانەی کە لە ڕێگەی "دزی و قاچاخی ماددە هۆشبەرەکان"ـەوە کۆ بکرێتەوە دەبێت ڕادەست بکرێتەوە.
کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا بۆ داگیرکردنی دارایی ئەم کەمینە ئایینییە بە مەبەستی سەرکوتی زیاتر، لەم ڕێگەیە کەڵک وەردەگرێت.
کۆمەڵگای بەهاییەکان زیادیشی کردووە کە بنەماڵەکان لە ڕێگەی کورتەنامەوە ئاگادار کراونەتەوە کە سەردانی دادگا بکەن و هەڕەشەی دەسبەسەرکرانیشیان لێ کراوە.
بەپێی ئەم زانیارییانە، هێندێک لە بەهاییەکان دواتر ئاگاداری ڕاگرتنی هەژمارە بانکییەکانیان بوونەتەوە و ڕێگری کراوە لەوەی کە بتوانن بازرگانی بکەن و داراییەکانی خۆیان بفرۆشن.
کۆماری ئیسلامی پاش هاتنەسەرکاری دەستی بە سەرکوتی کەمینە ئایینییەکان چوارچێوەی ئێراندا کرد.
پاش شەڕی ١٢ ڕۆژە ئەم سەرکوتانە بەتایبەتی بۆ سەر کۆمەڵگای بەهایی لە ئێران چڕتر بووەتەوە.
ڕێژیم بەبێ هیچ بەڵگەیەک بەهاییەکانی بە سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل تۆمەتبار کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی مافی مرۆڤی هێرانا، لە ماوەی ٣ ساڵی ڕابردوودا بەهاییەکان زیاتر لە ٧٠ لەسەدی حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافی کەمینە ئایینییەکان لە ئێرانیان پێک هێناوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لانیکەم ٢٨٤ بەهایی لە ماوەی ٥ ساڵدا دەسبەسەر کراون و کۆی گشتی ١٤٩٥ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.