
لە درێژەی بەردەوامیی ڕەوتی گوشارخستنەسەر چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، باسی لە دەرکردنی ١٤ مامۆستای قوتابخانە لە شارەکانی سنە، دیواندەرە و سەقز کردووە.
بەپێی ئەو بەیاننامەیە، چوار مامۆستای قوتابخانەی دیواندەرە بە ناوەکانی "پەرویز ئەحسەنی"، "کاوە محەممەدزادە"، "هیوا قوڕەیشی" و "ئومید شاه محەممەدی" کە ئەندامی "ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان" بوون، بەهۆی چالاکیی سێنفی و پێداگری لەسەر مافی مامۆستایان و قوتابییان، لە ئەرکی مامۆستایەتیی دوور خراونەتەوە.
هەروەها لە شاری سەقز، سێ مامۆستای قوتابخانە و ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە بە ناوەکانی "شارام کەریمی" بە شەش مانگ دەرکردن لە قوتابخانە، "لوقمان ئەڵڵامورادی" بە یەک ساڵ دەرکردن و "سولەیمان عەبدی" بە خانەنشینی زۆرەملێ سزا دراون.
ئەو ئەنجومەنە لە بەیاننامەی خۆیدا جەختی کردەوە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ٧ مامۆستای قوتابخانە و چالاکی سێنفیی مامۆستایان لە سنە حومکمی هاوشێوەیان بەسەردا سەپێندراوە.
ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان شوناسی ئەو ٧ مامۆستای قوتابخانەیەی سنە بە ئاماژەدان بە بڕوانامە، پێشینەی ئەرکی مامۆستایەتی و سزاکانیانی بەو شێوەیە بڵاو کردەوە: "مەجید کەریمی، کارناسی باڵای زانستی سیاسی بە ٢٣ ساڵ پێشینەی ئەرکی مامۆستایی و دەرکردنی لە قوتابخانە، غیاس نێعمەتی کارناسی باڵای دەروونناسیی باڵینی بە ١٧ ساڵ پیشەی مامۆستایی و دەرکردنی لە قوتابخانە، سەلاح حاجیمیرزایی کارناسی باڵا بە ٢٦ ساڵ پیشەی مامۆستایەتی بە دەرکردنی کاتی بۆ ماوەی ١ ساڵ لە ئەرکی مامۆستایەتی، نەسرین کەریمی کارناسی باڵای کۆمەڵناسی بە ٢٧ ساڵ پیشەی مامۆستایەتی بە خانەنشینکردنی زۆرەملێ، لەیلا زارعی کارناسیی ڕاهێنانی سەرەتایی بە ٣٠ ساڵ پێشینەی مامۆستایەتی بە لێستاندنەوەی بەرپرسایەتیی جێگرایەتیی قوتابخانە و خانەنشینکردنی زۆرەملێ و فەیسەڵ نووری، کارناسی باڵای بیرکاری بە ۱۹ ساڵ پیشەی مامۆستایەتی و دوورخستنەوە بۆ پارێزگای کرماشان بۆ ماوەی ٥ ساڵ".