کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئانتۆنیۆ گۆترێش: حەماس دەبێت بە بێ هیچ مەرجێک بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد بکات

12:29 - 30 گەلاوێژ 2725

لە درێژەی ڕەوتە شەڕەنگێزانەکانی حەماس و ئازادنەکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان، سەرۆکی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لەو گرووپە تێرۆریستییەی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کرد کە بۆ ڕێگری لە دووبارە دەسپێکردنی شەڕ، بە بێ هیچ مەرجێک بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد بکات.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو ئانتۆنیۆ گۆترێش سەرۆکی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەنیسبەت ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و  بەردەوامیی هەوڵە تێرۆریستییەکانی حەماس دژی بارمتەکان و خەڵکی ئەو ناوچەیە، هۆشداریی دا و داوای ئاگربەستی خێرای نێوان ئیسرائیل و حەماسی کرد.

بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل ڕایگەیاند لە کاتێکدا ئاگربەستی ٦٠ ڕۆژە قەبووڵ دەکەین کە حەماس تەواوی بارمتەکان ئازاد بکات.

هەروەها یێسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی گەلاوێژ، سەرەڕای ناوهێنانی حەماس وەکوو "ڕێکخراوێکی چریکیی دۆڕاو و لاواز"، گەڵاڵەی هێرشی بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی غەززەی پەسەند کرد.

هەر لەو پێوەندییەدا، وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل باسی لەوە کرد کە "هێرشەکانمان بۆ سەر بنکە سەرەکییە سەربازی و پێکهاتەییەکانی حەماس توندتر دەبێت و بۆ کەمبوونەوەی زیان بە خەڵکی ئاسایی، هۆشداریمان بە دانیشتووانی شاری غەززە داوە کە بە مەبەستی پاراستنی گیانیان ئەو ناوچانە چۆڵ بکەن".