
ئاسۆ مینبەری
مێژووی خەباتی ژنان لە سەرتاسەری جیهاندا، مێژوویەکی دوور و درێژ و لە هەمان کاتدا پڕ هەوراز و نشێو بووە. ئەم خەباتە قۆناغی جیاوازی تێپەڕاندووە و بە زۆر بڕگەی هەستیاردا تێپەڕیوە، هەر لە هەوڵەکانی ژنانەوە بۆ دەستخستنی هەقدەستی یەکسان، مافی دەنگدان، خەبات دژی هەڵاواردن و توندوتیژییەوە بگرە هەتا ئەو کاتەی کە خەباتەکە لە چوارچێوە و قاڵبی جیاوازی دیکەدا و وەک بزووتنەوە کرێکارییەکان و فێمێنیزم خۆی دەرخستووە و گەیشتووەتە ئەمڕۆ.
خەباتی ژنان بۆ دەستخستنی یەکسانی و ئازادی وەک پرسێکی گشتی لە هەموو جیهاندا، نیشاندەری هەقیقەتێکی تاڵە، ئەوەی کە سەرەڕای گەشەی جیهان و تێپەڕین بە قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی شارستانیشدا، ژنان بە بێ جیاوازیی جوغرافیایی و سیاسی و فەرهەنگیی کۆمەڵگەیەک کە تێیدا دەژین، لە سەدەی بیست و یەکەمدا، هێشتا ستەملێکراون و نەیانتوانیوە بە مافەکانیان بگەن. ئەم هەقیقەتە پێمان دەڵێ کە ئەگەرچی ژنان لەم خەباتەدا زۆر قوربانییان داوە و دەستکەوتی باشیشیان هەتا ئێستا هەبووە، بەڵام بێگومان ڕێگای خەباتیان بۆ گەیشتن بە مافەکانیان هێشتا هەموار نەکراوە و ڕێگایەکی دوور و درێژیان لەپێشە.
بەپێی ئەوەی کە کۆمەڵگەیەک لە بوارە جیاوازەکانی وەک کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، سیاسی و ئابووریی و ئیدئۆلۆژیکەوە لە چ دۆخێکدا بێت، ژیانی تاکەکان بەگشتی دەکەوێتە ژێر کاریگەرییەوە، بەڵام ئەم بابەتە بۆ ژنان تۆزێک جیاوازترە. ژنان لە کۆمەڵگە ئازاد و دێموکراتیکەکاندا، لانیکەم وەک هاووڵاتی و شارۆمەند، لە چوارچێوەی یاسادا کۆمەڵێک مافیان پێ دەدرێت کە خودی ئەم مافە یاساییانە دەتوانن پشتیوانێکی قایم بۆ ژنان و بۆ گەیشتنیان بە ئامانجەکانیان بن، بەڵام لە کۆمەڵگە دواکەوتوو و نادێموکراتیکەکاندا، خودی یاساکان، سەرکوتکاری سەرەکیی ژنانن و هیچ پشتیوانێک بوونی نییە.
ئەم بابەتە لە کۆمەڵگەی ئێرانیشدا جێگای باسە. ژنان لە چوارچێوەی ئەو جوغرافیایەدا بە درێژایی مێژوو ستەمیان لێ کراوە و پەراوێز خراون و مافەکانیان بە شێوازی جیاواز پێشێل کراون. بەڵام قۆناغی واش هەبووە کە توانیویەتی ڕۆح وەبەر خەباتی ژناندا بکاتەوە و دەرفەتی بوون و چالاکییان پێ بدات و لێرەدایە کە ڕۆڵی ڕێکخراوی سیاسیی بەرجەستە دەکرێتەوە.
کۆماری کوردستان و پرسی ژن
لە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاویدا و لە کۆمەڵگەی کوردستانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی پاشایەتیدا، دامەزرانی حیزبی دێموکرات، وەک ڕێکخراوێکی مۆدێڕنی سیاسی، خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی گەلی کورد بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بوو. ئەگەرچی حیزبی دێموکرات وەک حیزبێکی نەتەوەیی فۆکۆسی لەسەر پرسی نەتەوایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە، بەڵام چەند مانگ دواتر و بە دامەزرانی یەکەمین دەسەڵاتی کۆماری لە کوردستان، خەباتی حیزبی دێموکرات چووە قۆناغێکی دیکەوە.
حیزبی دێموکرات وەک دامەزرێنەری کۆماری کوردستان، بە بایەخدان بە پرسە گرینگەکانی ئەوکاتی کۆمەڵگە و یەکێک لەوان پرسی ژنان، توانیی ببێتە خاڵێکی هیوا بۆ ئەو توێژەی کۆمەڵگەی کوردستان کە جگە لە پەراوێزخران و نەدیرتان شتێکی دیکەیان ئەزموون نەکردبوو و ئەمەش بەرهەمی ئەو دەسەڵاتانە بوو کە بە درێژایی مێژوو لەسەر ئەم خاكە زاڵ بوون.
کۆماری کوردستان لە سەرەتای دامەزرانیەوە دەستی بۆ کۆمەڵێک خاڵ برد کە تا پێش لەوە هیچ گرینگییەکیان بەتایبەت لە کۆمەڵگەی کوردستاندا کە کۆمەڵگەیەکی خێڵەکی بوو و نەخوێندەوارییش تێیدا لە ئاستێکی زۆر بەرزدا بوو نەبوو، یەکێک لەم پرسانە پرسی ژنان بوو! لە کۆمەڵگەیەکی نەخوێندەواردا کە ڕێژەی خوێندەواریی ژنان سفر بوو و لە هەموو کایەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بگرە خێزانییشدا پەراوێز دەخران و نەدەبیندران، ئەمجارە لە چوارچێوەی دەسەڵاتێکی دێموکراتیدا توانییان هەست بە بوونی خۆیان بکەن کە یەکەمین هەنگاویشی وەک زۆر جار باس کراوە، دامەزرانی ڕێکخراوێکی تایبەت بە ژنان بوو کە ئێستاش پاش ٧٩ ساڵ لە کار و تێکۆشانی خۆی بەردەوامە.
خاڵێکی گرینگ و جێی تێڕامان لەم چوارچێوەیەدا ئەوەیە کە زۆر جار باس لەوە دەکرێ خودی پێشەوای نەمر، بۆ دەسپێکی کاری ئەم ڕێکخراوەیە، خێزانی خۆی واتە مینا خانمی قازی دێنێتە گۆڕەپانی کاری پراگماتیکەوە و وەکوو ژنێک پێشەنگایەتیی ئەم ئەرکەی دەخاتە سەر شان، لە ڕاستیدا لەو کۆمەڵگەیەدا کە ژنان وەکوو ڕەگەزی ژمارە دوو چاویان لێ دەکرا و تەنیا شیاوی ڕۆڵگەلێکی وەک هاوسەردارێتی و دایکایەتی و وەچەخستنەوە بوون، ئەمە شۆڕشێکی گەورە بوو کە ژنان لە یەکەمین دەسەڵاتی کۆماریدا خۆیان ببیننەوە و ئەرکیان پێ بسپێردرێت.
ئەرکسپاردن بە ژنان لەو سەردەمەدا و ئەویش لەسەر دەستی پێشەوا قازی محەممەد، ئەو هەقیقەتە ڕوون دەکاتەوە کە حیزبی دێموکرات، وەک حیزبێکی پێشەنگ، هەر لەو کاتەوە یەکەم هەنگاوەکانی بۆ نەهێشتنی هەڵاواردن دژی ژنان هەڵ گرتوو و ڕۆڵی پێشەوا لەم کات و ساتەدا نیشاندەری تێگەیشتن لە بەتاڵبوونی بیری چەقبەستووی پیاوسالاری و گرینگیدان بە ژنان وەک توێژێکی خاوەن ئیرادە بووە.
ژن لە حیزبی دێموکراتدا
ئەگەرچی تەمەنی کۆماری کوردستان کورت بوو بەڵام، ڕێچکەیەک کە دیاری کرا، ئێستاش پاش ٨ دەیە خەبات و تێکۆشان بە بایەخەوە چاوی لێ دەکرێ و حیزبی دێموکرات، وەک حیزبی دایک لەسەر کۆمەڵێک پرەنسیپ پێداگرە کە لە خەباتی ئەم حیزبە جیا ناکرێنەوە.
یەکێک لەو پرەنسیپانە باوەڕی قووڵی حیزبی دێموکرات بە پرسی یەکسانی و دادپەوەرییە کە لە بەرنامەی سیاسیی ئەم حیزبەشدا ڕەنگی داوەتەوە.
حیزبی دێموکرات وەک حیزبێکی خاوەن ئەزموونی نەتەوەیی، خەریکە هەشتاهەمین ساڵی دامەزارنی خۆی تێپەڕ دەکات و لەم ماوە زەمەنییەدا توانیویەتی وەک حیزبێکی هەڵقوڵاو لە ویست و داخوازی کۆمەڵگەی کوردستان، هەنگاوی بەجێ، جیددی و کارامە لە چوارچێوەی بونیاتنانەوەی کۆمەڵگەی کوردستاندا هەڵ بگرێت. ئەم حیزبە، لە مێژووی خۆیدا، وێڕای کارکردن لەسەر پرسی نەتەوەیی و هەوڵدان بۆ بەدەستەوەگرتنی چارەنووسی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هیچکات لە پرس و بابەتەکانی دیکەی ئەو کۆمەڵگەیە خافڵ نەبووە و بە بەردەوامی هەوڵی بۆ داوە.
هاوکات لەگەڵ پرسی نەتەوەیی، پرسە جیاوازە کۆمەڵایەتییەکان، پرسی ژینگە، پرسی ئابووری، جوگرافیا و دێموگرافیای کوردستان، پرسی مێژوو و بە سەدان پرسی دیکە لە دەستووری کاری ئەم حیزبەدا بووە و هەوڵی داوە بە گونجاندنی ئەم بابەتانە لە چوارچێوەی پێڕەو و پرۆگرامی خۆیدا کاریان لەسەر بکات. یەکێک لەو پرسانە کە حیزبی دێموکرات لە سەرەتای دامەزرانیەوە، گرینگیی پێ داوە، پرسی ژنان بووە.
پرسی ژن لای حیزبی دێموکرات، هەمیشە پرسێکی گرینگ و جێی بایەخ بووە و هەر لە گەلاوێژی ١٣٢٤ی هەتاوییەوە هەتا ئێستا کە خەریکە ٨٠ ساڵ بەسەر دامەزرانی ئەم حیزبەدا تێدەپەڕێت، بە بەردەوامی هەوڵ دراوە کاری بۆ بکرێت.
هەوڵ و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات لە چوارچێوەی مافەکانی ژناندا، تایبەت بە قۆناغێکی دیاریکراو لە خەباتی ئەم حیزبە نەبووە، بەڵکوو بەرنامەیەکی درێژخایەن بووە کە تا ئێستا بەردەوام بووە و بێگومان بەردەوامیش دەبێ.
ئەوەی کە سەبارەت بە پرسی ژنان لەم حیزبەدا گرینگە، ئەوەیە کە لە هیچ قۆناغێکدا ئەم پرسە پەراوێز نەخراوە و هاوکات لەگەڵ تێکۆشان بۆ پرسی نەتەوەیی، خەبات دژی چەوسانەوەی ژنان و دابینکردنی مافەکانیان، بابەتێکی هەستیار و گرینگ بووە.
شێوازی کار و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات لەسەر پرسی ژنان، بە پرۆسەیەکی درێژخایەنی مێژووییدا تێپەڕیوە، بە جۆرێک کە دەتوانین بڵێین، ئەکتی شۆڕشگێڕانەی ژنان لە کۆمەڵگەی ئێستای کوردستاندا، بەرهەمی تێكۆشان و ئەرکوەخۆگریی حیزبی دێموکرات لەمبارەوە بووە. هەر لە یەکەم هەنگاوەکانەوە حیزبی دێموکرات بە دژایەتیکردنی نەریتە ناشیرین و دژەژنەکان هەوڵی دا پشتیوانێکی قایم بۆ ژنان بێت و ئەمەش بە تێپەڕبوونی کات توانی تا ڕادەیەکی زۆر، هەستی متمانە بە خۆبوون بۆ خەبات دژی چەوسانەوە و هەڵاواردن لەواندا زیندوو بکاتەوە.
ئەوەی کە لەم چەند ساڵەی دواییدا لە ژنان بینراوە، ئاکامی ئەو پشتیوانییە قایمە بووە کە توانیویەتی ژنان بێنێتەوە گۆڕەپانی خەباتەوە و بیانکات بە پێشەنگی خەباتەکە. ئەڵبەت نابێ ئەوەمان لە بیر بچێ کە لە پاڵ ئەم پشتیوانییەدا، خودی ژنانیش هەوڵیان داوە کە لە ژێردەستەیی بێنە دەر و بە خوێندن و بڕینی قۆناغەکانی خوێندن و هەنگاونان لە بازنەی کۆمەڵایەتی و ئابووری، سەربەخۆییەک بەدەست بێنن و وەک مرۆڤ خۆیان پێناسە بکەنەوە و هاتنە مەیدان بۆ وەرگرتنی مافەکانیان بە ئەرکی خۆیان بزانن.
ـ گرینگیی بەشداریی سیاسیی ژنان لە خەباتی حیزبی دێموکرات
حیزبی دێموکرات وەک حیزبی ئاڵاهەڵگری خەباتی نەتەوایەتی، بە دووبارە پێناسەکردنەوەی ڕۆڵ و ئەرکی توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگە و بەتایبەتیش توێژی ژنان، توانیویەتی لە بەشداریپێکردنی ئەم توێژە لە خەباتدا ڕۆڵێکی ئێجگار گەورە و گرینگ ببینێ، تا ئەو جێگایە کە ئەتوانین پەیوەستبوونی ژنان و کچان بە ڕیزی پێشمەرگەی کوردستانەوە، وەک هێمای بەرچاوی ئەم بەشدارییە ناو ببەین کە چیدیکە ژنان و کچانی نیشتمانی ئێمە، گوێڕایەڵی دابونەریتە باوەکانی کۆمەڵگە نین کە ئەوان تەنیا وەکوو دایک پێناسە بکاتەوە، بەڵکوو ئەوان لەو چوارچێوەیە هاتوونەتە دەرێ و بە پێناسەکردنەوەی سەرلەنوێی خۆیان، مۆرکی شۆڕشگێربوون لە خۆیان دەدەن و ئامادەن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان شەڕ بکەن و هاوکات لەگەڵ ئەوەش بە خۆپێگەیاندن و هەوڵدان، لە بازنەی سیاسەتدا گەشە بکەن و وەک تاکێکی سەربەخۆ و خاوەن ئیرادە، هەنگاو بۆ نێو بازنەی سیاسەت بهاوێن و کۆت و بەندی کۆیلایەتی و بەستراوەبوون بە نەریتە دواکەتووەکان بپچڕینن.
مافی ژن و خەباتی نەتەوایەتی
ڕەنگە زۆر کەس باس لەوە بکەن کە پرسەکانی تایبەت بە ژنان ڕەوتێکی جیهانی دەپێون و هاوتەریبکردنی ئەم پرسانە لەگەڵ پرسگەلی نەتەوەیی بە مانای گرینگدان بە ناسیۆنالیزم و زاڵکردنی بە سەر فێمێنیزمدایە، بەڵام لە ڕاستیدا حیزبی دێموکرات لە ماوەی تێکۆشانی خۆیدا هەوڵی داوە تاکوو بە پێناسەکردنی ژنان وەکوو بەشێک لە دانیشتووانی ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆی، ئەرکداریان بکات بەوەی کە وەک تاکێکی کورد و هاوکات وەکوو ژن داوای مافەکانیان بکەن. بە مانای دیکە حیزبی دێموکرات، ژنان وەک بەشێکی جیانەکراو لە کۆمەڵگە دەزانێت و بە جیانەکردنیان لە پرسە نەتەوەییەکان هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە ئەرکێکی قورسی نەتەوەیی دەخاتە سەر شانیان، زیاتریش ئەرکداریان دەکات بەوەی کە خەبات بۆ توێژەکەی خۆیان بکەن کە لەم پێناوەشدا خودی حیزبی دێموکرات یارمەتیدەرێکی باش بۆ ژنان بووە و بە ڕەخساندنی دەرفەت و دابینکردنی ئیمکاناتی پێویست هەوڵی داوە تاکوو وەکوو رێکخراوێکی بە پرەنسیپ و بەرپرس لە بەرانبەر تاکەکانیدا پرسەکانی ژنان بکاتە ڕۆژەڤ و کاریان لە سەر بکات.
مەگەر جگە لەوەیە کە لە سێبەری نەتەوەیەکی ئازاددا، ژنانیش دەتوانن ئازاد بژین و ئازاد بیر بکەنەوە؟ لە ڕاستیدا حیزبی دێموکرات نەک هەوڵی داوە کە ژنان بە بیرۆکەی فێمێنیستییەوە قەتیس بکاتەوە و نەک بە بیرۆکەی نەتەوەییەوە.
لە ڕاستیدا ئەمە مافی بێ ئەملاوئەولای ژنانە کە پێداگری لە سەر مافەکانی خۆیان بکەن و هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خۆیان لە نێو کۆمەڵدا بدەن، جا ئەگەر فێمێنیزم بتوانێ ئاڵترناتیڤێکی باش و گونجاو بێت، بە دڵنیاییەوە ئەتوانێ هەوڵەکانیان وەپێش بخات.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە مەبەستی زیاتر گرینگیدان بە توێژی ژنان و هەروەها هەوڵ بۆ پێگەیاندن و بەشداری پێکردنیان لە کایە سیاسییەکاندا، هەوڵی داوە تاکوو بە کردەوە ژنان بێنێتە نێو بازنەی سیاسەتەوە و کەڵک لە توانایی و لێهاتووییەکانیان بگرێت و بۆ ئەم مەبەستەش بەو شێوەی کە دەرفەتی بووبێت و بۆی کرابێت، بەستێنی بۆ خولقاندوون و یارمەتیی داون.
ـ حیزبی دێموکرات و ژن پاش ٨٠ ساڵ
ئێستا کە ٨٠ ساڵ بەسەر دامەزارنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا تێدەپەڕێت، لە نێوان هەموو ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، حیزبی دێموکرات وەک دێرینەترین ڕێکخراوی سیاسیی مۆدێڕن توانیویەتی بە سازماندان و پلاندانان و ڕێکخستنی تایبەت، کەڵک لە هێز و تواناکان وەربگرێت، بۆ ئەم مەبەستەش هەمیشە و لە هەموو کاتێکدا، بە وردبینی و جیهانبیینییەکی تایبەتەوە ڕوانیویەتە پرسەکان و بۆ هەر قۆناغێک لە خەبات و تێکۆشانی خۆی بەرنامەی تایبەتی داناوە. لە هەموو قۆناغەکانی خەباتی حیزبی دێموکراتدا، ژنان ڕۆڵ و نەخشی تایبەتی خۆیان بووە و بوونیان و کاریگەرییان لە هەموو قۆناغەکاندا دیار و بەرچاوە. ژنان بە بەشداریی ڕاستەوخۆ لە مەیدانی خەباتی حیزبی دێموکراتدا، وێڕای بەتاڵکردنەوەی بیرۆکەی دژەژن و چەقبەستووی کۆمەڵگە، پێناسەیەکی نوێیان لە خۆیان بەدەستەوە داوە.
لە کۆمەڵگەی داگیرکراوی کوردستاندا، لەمپەر و ئاستەنگی زۆر لەسەر ڕێگای ژنان بووە، کە خەباتی ژنانیان خستووەتە ژێر کاریگەریی خۆیانەوە، ئەم ئاستەنگانە ئەگەر لە لایەنی نەرێنییەکەیان بڕوانین دەبینین کە پێشیاان بە سەرکەتن، گەشە و پێگەیشتنی ژنان گرتووە بۆ نموونە ئیدئۆلۆژیکبوونی دەسەڵاتی زاڵ، پێکهاتەی پیاوسالاری کۆمەڵگە، گوشاری چەندقاتی سیاسی و ئەمنیەتی دژی سەر ژنان، جیاوازیی ڕوانینەکان لە کۆمەڵگەی نەریتی و کۆمەڵگەی پێشکەتنخواز بەرانبەر بە ژنان، بە کاڵاکردنی ژنان، بێبەریکرانیان لە مافە مرۆییەکانیان و پێشێلکردنی کەرامەتی مرۆییان هەموویان نموونەگەلێک لەو ئاستەنگانەن کە خەباتی ژنانیان خستووەتە ژێر کاریگەرییەوە، بەلام ئەگەر لایەنی ئەرێنییەکەی ببینین، خودی ئەم ئاستەنگانە زۆر جاریش توانیویانە هاندەری ژنانی ڕۆشنبیری کۆمەڵگە بن بۆ ئەوەی کە بتوانن هەنگاوی بەهێزتر هەڵ بگرن. ئەڵبەتە ئەمە بەو مانەیە نییە کە ئێمە ئەو ئاستەنگانە بەبایەخ ببینین، بەڵکوو بەو مانایەیە کە ئەو ئاستەنگانە بکەین بە دەرفەت. هەموو ئەوانەی کە باس کران لە کۆمەڵگەی کووردستاندا کە هەمیشە ژێردەستە بووە، نبەرانبەر بە ژنان بینراوە، لێرەدایە کە نەخش و ڕۆڵی حیزبی دێموکرات وەک یەکەم ڕێکخراوی سیاسیی کە دەرفەتی بەشداریی سیاسیی و ڕێکخراوەیی بە ژنان دا و بەستێنی ئەم بەشدارییەی بۆ دروستکردن، بەرجستە دەکرێتەوە. حیزبی دێموکرات لە مێژووی ٨٠ ساڵەی خۆیدا، ئەم پرەنسیپەی لەبەرجاو گرووە کە کۆمەڵگە بە بێ بوونی ژنان ناتوانێ سەرکەوێ، ئەمە لە وتەکانی دوکتور قاسملووی نەمریشدا دەبینرێ کە دەفەرمێ، هەرچی ژنان لە کارە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا بەشدار بن، کۆمەڵ پێشکەوتووترە و هەرچی لە بزووتنەوەی سیاسیی نەتەوەیەکدا ژنان تێکۆشەرتر بن، بزووتنەوەکە پێشکەوتووترە و شانسی سەرکەوتنی زیاترە. ئێستا کە ٨٠ ساڵ لە خەباتی حیزبی دێموکرات تێدەپەڕێ، ئەم حیزبە کە خۆی بە حیزبی کۆمەڵانی خەڵک و هەڵقوڵاو لە ویست وداخوازییەکانی دەزانێ، دەبێ بە وردبینییەوە ئاورێک لە تێکۆشانی خۆی لە چوارچێوەی مافەکانی ژناندا بداتەوە و بە خەسارناسییەکی زانستی و واقعبینانە، مەیدانێکی زیاتر و ئاوەڵاتر بۆ ژنان و بەشداریی زیاتریان لە چوارچێوەی ئەم حیزبەدا بکاتەوە.
مێژووی ٨٠ ساڵەی حیزبی دێموکرات، لە خەباتێکی فرە ڕەهەند پێک هاتووە، ئەم ڕەهەندانە ئەگەرچی لەژێر سێبەری حیزبی دێموکراتدا وبەپێی بەرنامەی سیاسیی ئەم حیزبە پێناسەیان بۆ کراوە بەلام هەرکامەیان لە چوارچێوەی خۆشیاندا توانیویانە، دەستئاوەڵاییەکیان هەبێ و لە کۆتاییدا ئاکامی هەول وتێکۆسانەکان لە هەرکام لەم ڕەهەندانەوە بچێتەوە ژێر چەتری حیزبی دێموکرات، وەک یەکەم حیزب کە بناغەی خەباتێکی نەتەوایەتیی بە سەرنجدان بە خواست و ویستی کۆمەڵگە دامەزراند.