کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی توندوتیژانەی هوشیار شەعبانی بەندکراوی سیاسیی پێشوو لە بانە

16:45 - 30 گەلاوێژ 2725

هوشیار شەعبانی بەندکراوی سیاسیی پێشوو و خەڵکی شاری بانە، لە دوای تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و برینداربوونی لاقی بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئاژانسی مافی مرۆیی "کوردپا" ڕاپۆرتی دەسبەسەرکرانی هوشیار شەعبانی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و خەڵکی بانەی بە شێوەی سەرەڕۆیانە بڵاو کردەوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی کوردپا، کاتژمێری ٢ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی گەلاوێژ، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە ماشین لە نزیکی شاری "کانیسوور"ی بانە، تەقەیان لە هوشیار شەعبانی بەندکراوی سیاسیی پێشوو کردووە و دەسبەسەرکردنی توندوتیژانەی ناوبراو، شایەتحاڵان و خەڵکی ئەو دەڤەرەی تووشی ترس و دڵەڕاوکێ کردووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە دوای تەقەکردن و بریندارکردنی ناوبراو بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.

هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی جەستەیی، شوێنی ڕاگرتن، چارەنووسی ناوبراو و هۆکاری دەسبەسەرکردنی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن هێزە بەناو ئەمنییەتی و سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لەگەڵ هەڕەشە، شوێنکەوتن و دەسبەسەرکردن بەرەوڕوو بووەتەوە و چەندین جار سزای جۆراوجۆری بەسەردا سەپێندراوە.