کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی بێوێنەی وزە و ناکارامەیی ڕێژیم ٢٧ پارێزگای ئێرانی داخست

11:01 - 1 خەرمانان 2725

هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی شەپۆلی گەرمای بێوێنە، دابەزینی بەرچاوی سەرچاوەکانی ئاو و کارەبا، کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە پەنای بۆ داخستنی بەربڵاوی ئیدارە و دامەزراوە حکومییەکان لە زیاتر لە ٢٧ پارێزگای وڵات بردووە.

بەرپرسانی ڕێژیم ئەو بڕیارەیان بە "بەڕێوەبردنی بەکارهێنانی وزە" و "یارمەتیدان بۆ سەقامگیرکردنی تۆڕی کارەبا و ئاو" ڕاگەیاندووە، بەڵام کارناسان ئەو هەنگاوە بە چارەسەرێکی کاتی و نیشانەیەکی ڕوونی لاوازی پێکهاتەیی و خراپ بەڕێوەبردنی درێژخایەن دەبینن.

داخستنەکان لە سەرەتای مانگی گەلاوێژەوە دەستی پێ کرد و سەرەتا تارانی کردە ئامانج. دوای ئەوە زۆربەی پارێزگاکان لە مانگی گەلاوێژدا داخستنی چوار ڕۆژەیان ڕاگەیاند و لە کۆتاییدا بۆ ڕۆژی شەممە یەکی خەرمانان لانیکەم ٢٧ پارێزگا داخران.

هەروەها شۆرای هاواهەنگیی بانکەکان ڕایگەیاندووە کە لەم ڕۆژەدا سەرجەم بانکەکانی تاران و پارێزگاکانی دیکە دادەخرێن.

پارێزگارەکان پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە هەموو دامودەزگاکان پێویستە سیستمی ساردکەرەوە بکوژێننەوە و بەکارهێنانی وزە کەم بکەنەوە. بەڵام ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە پچڕانی کارەبای بەربڵاو لە شارە جیاوازەکان دەکەن.

بە وتەی بەڕێوەبەری تەوانیر، دابەزینی بەرچاوی پاشەکەوتی ئاوی بەنداوەکان بووەتە هۆی لەدەستدانی بەشێکی زۆر لە توانای وێستگەکانی کارەبای ئاوی و ئەمەش وڵاتی لەگەڵ سنووردارکردنی جیددی لە پێدانی کارەبادا ڕووبەڕوو کردووەتەوە.

لە چەند حەفتەی ڕابردوودا خەڵک لە سەرانسەری ئێران ڕۆژانە ٨ بۆ ١٠ کاتژمێر کارەبا و ئاویان هەیە، پچڕانی پلان بۆ داڕێژراوی ئەمساڵ زووتر لە ساڵانی پێشوو دەستی پێ کردووە و لە مانگی بانەمەڕەوە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی تێک داوە.

کارناسانی ئابووری هۆشدارییان داوە کە هەر ڕۆژێک لە داخرانی سەرتاسەری نزیکەی ١٠٠ ملیۆن دۆلار زیان بەئابووریی ئێران دەگەیەنێت.

لە کەرتی کۆمەڵایەتیشدا ئەم دۆخە کاریگەریی لەسەر بژێوی میلیۆنان کرێکار و ئەوانەی لە کەرتی نافەرمی دامەزراون داناوە و داهاتی کرێکاران بە هەقدەستی ڕۆژانە، بە ڕێژەی ٤٠ لەسەد کەم بووەتەوە.