
ئەرتەشی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لە شوێنهەڵگرتنی چەند مووشەکێکی حووسییەکان کردووە کە مەبەستیان بە ئامانجگرتنی ناوەندی شارەکانی ئیسرائیل بووە و بۆ ئەو مەبەستەش فڕۆکەخانەی "بێن گۆریۆن" داخراوە.
ڕۆژی هەینی ٣١ گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەرتەشی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بەهۆی چەند مووشەکێکی هاویشتراو لەلایەن حوسییەکانەوە زەنگی ئاگادارکردنەوە لە چەند ناوچەیەکی ئیسرائیلدا لێ دراوە و سیستەمە بەرگرییەکان هەوڵی شوێنهەڵگرتنیان داوە و بۆ ئەو مەبەستە چالاک کراونەتەوە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: "زانیارییەکان و ڕاپۆرتەکان لەمەڕ هەوڵی شوێنهەڵگرتنی ئەو هێرشە مووشەکییانە و ئاکامەکانی لەبەر دەستدایە و ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان باس لە کەوتنەخوارەوەی چەند پارچە مووشەکێک لە ناوچە ناوەندییەکانی ئیسرائیل دەکەن".
هەر لەو پێوەندییەدا، کاناڵی ١٢ی ئیسرائیل لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کرد کە بەرپرسانی ئیسرائیلی لە دوای ئەو هێرشە مووشەکییانەوە، هێڵی ئاسمانیی فڕۆکەخانەی "بێن گۆریۆنـ"ـیان داخستووە.
هەروەها خزمەتگوزاریی ئورژانسی ئیسرائیل ڕایگەیاند لە دوای لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە، هەندێک کەس لە کاتی چوونە نێو حەشارگەدا، بە سووکی بریندار بوون.
گرووپی حوسییەکان کە ناوەندی چالاکیی لە یەمەنە و بە یەکێک لە گرووپەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە دێتە ئەژمار، بە شێوەی بەردەوام و بەیانووی پشتیوانیی لە غەززە ئەو کەشتییانەی کردوونەتە ئامانج و زیانی پێ گەیاندوون کە پێوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە یان بەرەو ئیسرائیل دەچن.