
هەواڵدەریی "ئاسۆشەیتێدپرێس" لە ڕاپۆرتێکدا هەڕەشەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە دەسبەسەرکردنی ڕافائێل گروسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی وەکوو هۆکاری "پەکخستـ"ـی دانوستانەکانی تاران و ئاژانس لە قەڵەم دا.
ئەو هەواڵدەرییە، ڕۆژی هەینی ٣١ی گەلاوێژ نووسیویەتی: "ئێران هەڕەشەی دەسبەسەرکردنی رافائێل گروسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی کردووە و هەتا ئەو هەڕەشانە بەردەوام بن وتووێژ و دانوستان بەرەو پێش ناچێت".
پێشتر لە مانگی پووشپەڕدا، عەلی موزەفەری، جێگری هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، تۆمەتی"ساختەچییەتی" لە بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی دابوو و وتبووی: "دادگاییکردنی غەیرەحزووری بۆ ناوبراو لە ئێراندا لە ڕێگەی جێگرایەتیی نێونەتەوەیی هێزی دادوەری بەڕێوە دەچێت".
ناوبراو بە ئاماژەدان بە شەڕی ١٢ ڕۆژە ڕوو لە گروسی ڕایگەیاندبوو: "کاتێک ڕافائێل گروسی لە ڕێگەی هەوڵی ساختەچییانە و ڕاپۆرتی درۆوە، بەستێنی ئەو جینایەتەی ڕەخساند، دەبێت وڵامدەر بێت".
هەروەها ڕۆژنامەی کەیهان، ماڵپەڕی سەر بە عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، خوازیاری دەسبەسەرکردن و لەسێدارەدانی ڕافائێل گروسی لە ئێران بووە.
کۆتاییەکانی مانگی جۆزەردان، محەممەدجەواد لاریجانی، سەرۆکی پێشووی ستادی بەناو مافی مرۆڤیی هێزی دادوەریی ڕێژیم، ڕەخنەی لە هەڵوێستەکانی گروسی گرتبوو و وێڕای ناوهێنانی ناوبراو وەکوو "مرۆڤی تاوانباری پلە یەک" وتبووی: "دەبێت دادگایی بکرێت".
هاوکات هەر سێ وڵاتی ئاڵمان، فەرانسە و بریتانیا لە دژکردەوە بەو قسانەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیدا، بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ئەو هەڕەشانەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە دەسبەسەرکردن و هەڕەشەی کوشتن لە گروسییان مەحکووم کرد و داوایان لە ڕێژیمی ئێران کرد کە دەبێت بە خێرایی هاوکاریی تەواو لەگەڵ ئەو ئاژانسە دەست پێ بکەنەوە.