
ئەمریکا خولێکی نوێی گەمارۆی پەیوەندیدار بە ڕێژیمی ئێرانی ڕاگەیاند کە ١٣ کۆمپانیای جێگیر لە هۆنگ کۆنگ، چین، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و دوورگەکانی مارشاڵ و هەروەها هەشت کەشتی کردە ئامانج.
نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی داراییە دەرەکییەکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی گەلاوێژ ڕایگەیاند کە بە سەپاندنی گەمارۆ بەسەر هاووڵاتییەکی یۆنانی ئانتۆنیۆس مارگارێتیس و تۆڕی شیرکەتەکانی ناوبراو و نزیکەی هەشت کەشتی کە لە ناوگانی سێبەری ئێراندا کار دەکەن، هەناردەکردنی نەوتی تاران زیاتر پەک دەخات.
بە وتەی ئەو وەزارەتخانەیە مارگارێتیس ئەزموونی دەیان ساڵەی لە پیشەسازیی کەشتیوانیدا بۆ ئاسانکاری بۆ گواستنەوە و فرۆشتنی نەوتی ئێران بە شێوەیەکی نایاسایی بەکار هێناوە. ئەمڕۆ چەندین کەشتی و بەڕێوەبەرانی دیکەش بەهۆی ڕۆڵی ئەوان لە ئاسانکاری بۆ هەناردەکردنی نەوتی ئێران سزا دەدرێن، کە داهاتەکەی بۆ دابینکردنی بوودجەی بەرنامە پێشکەوتووەکانی چەکی ڕێژیمی ئێران یارمەتیدەرە.
ئێسکات بێسێنت وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا لەژێر ڕێبەریی ترامپ، هەروا سوورە لەسەر لێپرسینەوە لە هەموو ئەو کەسانەی کە هەوڵی یارمەتیدانی ڕێژیمی ئێران دەدەن و هەڕەشە لە ئەمنییەتی جیهانی دەکەن.
گەمارۆکانی ڕۆژی پێنجشەممە بەپێی فەرمانی جێبەجێکاری ١٣٩٠٢ی سەرۆککۆماریی ئەمریکا کەرتی نەوتی ئێرانی دەکاتە ئامانج.
بە وتەی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، ئەو هەوڵەی ڕۆژی پێنجشەممە دوایین خولی گەمارۆکان دژی فرۆشی نەوتی ئێران لە دوای دەرچوونی یادداشتنامەی ژمارە ٢ی ئەمنییەتی نیشتمانی، کە هەڵمەتێک بۆ زۆرترین گوشاری ئابووری دژی ئێرانە.
بەپێی ئەو گەمارۆیانە، هەر سەروەت و سامانێکی ئەو کەسانە یان کۆمپانیاییە گەمارۆدراوانە لەسەر خاکی ئەمریکا دەستی بەسەردا دەگیرێت، جگە لەوەش بازرگانیی ئەمریکییەکان لەگەڵ ئەو کەس و کۆمپانیایانە قەدەغەیە.