
بەرەی یەکگرتووی کورد لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، سزای سەپێندراو بۆ سەر ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستانی بە توندی مەحکووم کرد و ئەو هەوڵانەی نایاسایی، بێبنەما و قینەبەرانە لە قەڵەم دا.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: "بێگومان یەكێک لە گرینگترین کوچکەکانی پێشکەوتنی هەر وڵاتێک پەرە بە هێزی مرۆییە و ئەو کارە جگە لە ڕێگەی پەروەردە و بارهێنان، هەوڵ و ماندووبوونی مامۆستایانی دڵسۆز و بەتوانا نەبێ نایەتە دی، چەندین ساڵە کە پێکهاتەی پەروەردەیی بە جێگەی بەرەوپیشچوون، تووشی پاشەکشێ و بەرەو دواچوون بووەتە و لە ئێستادا بووەتە قەیران و جێگە و پێگەی ڕاستەقینەی مامۆستایان ڕەچاو نەکراوە".
بەرەی یەکگرتووی کورد بە ئاماژەدان بە کێشە و گرفتی پەککەوتووانەی کولتووری و پێکهاتەیی لە پەروەردە و بارهێنان، باسی لەوە کردووە کە بە جێگەی سەرنجدان بە ڕێفۆرم و بردنەسەرەوەی چۆنایەتیی پەروەردە، مامۆستایان لەگەڵ کێشەی بژێویی ژیان، گوشارە ئەمنییەتی و هەڵسوکەوتە سووکایەتییەکان بەرەوڕوون.
ئەو بەرەیە جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەرکردنی ئەو سزا قورسانەی وەک دەرکردنی هەندێک لەو مامۆستایانە نە تەنیا دادپەروەرانە نییە، بەڵکوو بە واتای پشتگوێ خرانی ئاشکرای ڕۆڵی مامۆستایانی داهاتووی ئەو خاکەیە.
بەرەی یەکگرتووی کورد بە مەحکوومکردنی دووبارەی ئەو سزایانە ڕایگەیاند کە چاوەڕوان دەکرێت مامۆستایانی سزادراو هەرچی زووترە بگەڕێنەوە سەر پۆلی وانەکان و ڕێگری لە بەردەوامبوونی زیانگەیاندن بە بنچینەی پەروەردە و بارهێنان بکرێت.