کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٨٥ لەسەدی داهاتی کرێکاران لە کرێی خانووبەرە خەرج دەکرێت

16:32 - 1 خەرمانان 2725

پشکێنەری کۆڕی باڵای نوێنەرانی کرێکاران سەبارەت بە پشکی خانووبەرە لە تێچووی ژیانی کرێکاران هۆشداری دا و وتی: لە کاتێکدا بەپێی پێوەرە جیهانییەکان خانووبەرە ١٨ بۆ ٢٠ لەسەدی بوودجەی بنەماڵەکان پێک دەهێنێت، ئەم پشکە بۆ کرێکاران لە ئێران لە نێوان ٧٠ بۆ ٨٥ لەسەددایە. ژمارەیەک کە بژیوی کرێکارانی گەیاندووەتە لێواری قەیران.

ڕۆژی شەممە یەکی خەرمانان حەمیدڕەزا ئیمام قولی‌تەبار لە وتوەیژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ''تەسنیم'' سەر بە سپای پاسداران ڕایگەیاند، لە نێوان ٧٠ بۆ ٨٥ لە سەدی بژیوی کرێکاران بۆ خانووبەرە تەرخان کراوە و ئاماژەی بەوە دا کە ماوەی چاوەڕوانیی کرێکاران بۆ کڕینی خانوو زیاتر لە ٣٠ ساڵە.

ناوبراو باسی لەوە کردووە کە بە سەرنجدانی گەشەی هەڵاوسان لە چەند ساڵی ڕابردوودا، دەبیندرێت کە هیچ گرینگییەک بە ئاستی داهاتی دەهەکە نزمەکان نەدراوە، سەرەڕای کەمکردنەوەی تێچووە سەرەکییەکان لەلایەن کرێکارانەوە هێشتا دابینکردنی لانیکەمی تێچووەکانی ژیان وەک خانووبەرە، چاوەدێریی پزیشکی و خۆراک دژوارە.

ئەم دۆخە لە حاڵێکدایە کە بە وتەی قولی‌تەبار، لە وڵاتانی پیشەسازیدا تەنیا ١٨ بۆ ٢٠ لەسەدی بودجەی بنەماڵەکان بۆ خانووبەرە تەرخان دەکرێت و ئەم جیاوازییە سێ بۆ چوار ئەوەندە، ئاستی قەیران لە ئێراندا نیشان دەدا.

هەروەها لە مانگی بانەمەڕدا، موحسێن باقری، چالاکی کرێکاری و یەکێک لە نوێنەرانی کرێکاران، کێشەی دابینکردنی خانووبەرە بۆ کرێکارانی بە "قەیرانی جیددی" ناو برد و وتی: "نزیکەی  ٧٥ لەسەدی کرێکارانی ئێران خانوویان نییە".

پشکێنەری کۆڕی باڵای نوێنەرانی کرێکاران زیادیشی کردووە: "دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە، بازاڕی ئابووریی ئێران چووەتە قۆناغێکی چەقبەستوویی کە تێیدا خواست لەسەر کاڵا و خزمەتگوزارییەکان کەمی کردووەتەوە، بەڵام تێچووی بەرهەمهێنان زیادی کردووە و نرخەکانیش بەرزبوونەتەوە".

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە لە ژینگەیەکی ئاوادا، ئەمنییەتی کاریی کرێکاران مەترسییەکی چڕی لەسەرە، بەجۆرێک کە ئەگەر پێشتر ٨٠ لەسەدی کرێکاران خەمی ئەمنییەتی کار و ٢٠ لەسەدیش خەمی بژیوی ژیانیان بووبێت، ئێستا پشکی نیگەرانییەکان سەبارەت بەئەمییەتی کار گەیشتووەتە ٩٥ لەسەد.