
د. ئاسۆ حه‌سه‌ن‌زادە
ڕۆژی ٢٠ی ئووتی ٢٠٢٥، کۆردۆلۆگ و دۆستی کورد و حیزبی دێموکڕات، ژێرار شالیان له ته‌مه‌نی ٩١ ساڵیدا له پاریس کۆچی دوایی کرد. شالیان به‌ناوبانگترین پسپۆڕی فه‌ڕانسه‌یی له بواری ژیئۆستراتژی و بزووتنه‌وه ڕزگاریخوازه‌کاندا بوو.
ئه‌و که له "ئێتێربیک"ی بێلژیک له بنه‌ماڵه‌یه‌کی پاشـماوه‌ی ژێنۆسایدی ١٩١٥ی ئه‌رمه‌نییه‌کان له‌دایک ببوو، له فه‌ڕانسه چووبووه زانکۆ و تێزی دوکتوڕاکه‌ی له‌سه‌ر شۆڕشه‌کانی جیهانی سێهه‌م بوو. جیهانێک که بۆ وی ته‌نیا بابه‌تی لێکۆڵینه‌وه نه‌بوو، به‌ڵکوو به‌دڵ خۆشی ده‌ویست و خه‌می به ڕه‌نج و ئازاره‌کانیه‌وه ده‌خوارد. هیچ وڵاتێکی جیهانی سێهه‌م نه‌بوو که له‌وێدا بزووتنه‌وه‌یه‌کی دیاری ڕزگاریخوازانه له ئارادا بێ و شالیان سه‌ردان و هاتوچۆی نه‌کردبێ.
ژێرار شالیان هه‌ر له‌و کاته‌وه که به گه‌نجی چووبووه ئه‌لجه‌زایر و لایه‌نگریی له سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و وڵاته کردبوو، لایه‌نگری دادپه‌روه‌ری و ئازادیی گه‌لانی ژێرده‌سته بوو. له سه‌ره‌تای هه‌شتاکاندا یه‌کێک له یه‌که‌مین جێبه‌جێکارانی بیرۆکه‌که‌ی بێرتراند ڕاسێل بۆ به‌ڕێوه‌بردنی دادگای خه‌ڵکی بوو و ئه‌مه‌ی بۆ که‌یسی کۆمه‌ڵکوژیی ئه‌رمه‌نییه‌کان وه‌ڕێ خستبوو.
دۆستایه‌تیی وی له‌گه‌ڵ گه‌لی کورد ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵه‌کانی شه‌ستی زایینی کاتێك له پاریس له‌گه‌ڵ کامڕان به‌درخان ئاشنا ده‌بێ و دواتریش سه‌رنج ده‌داته شۆڕشی ئه‌یلوول. به‌ڵام ئه‌وه له ئه‌نستیتۆی زمان و شارستانییه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کانی پاریس (ئینالکۆ)یه که به‌هۆی ناسینی دوکتور قاسملوو که هه‌ردووکیان هاوکات له‌وێ مامۆستا بوون، د‌ه‌بێته هۆگر و خه‌مخۆری هه‌تا سه‌ری کورد. له سه‌رده‌مێکدا که که‌م که‌س له دنیادا کوردی ده‌ناسی، ئه‌و توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر کورد و دۆزه ڕه‌واکه‌ی ده‌کرد و بڵاوی ده‌کرده‌وه. دواتر چ ئه‌وکاته‌ی وه‌ک دامه‌زرێنه‌ر و سکرتێری گشتیی ئه‌نجومه‌نی فه‌ڕه‌نسی- کوردی و ئه‌ندامی ئه‌نستیتۆی کورد له پاریس خزمه‌تی ده‌کرد و چ له ده‌یه‌کانی دواتردا که هاتوچۆی کوردستان و ڕێبه‌رانی کوردی ده‌كرد، هه‌میشه له فه‌ڕانسه و ئورووپا بۆ لۆبیگه‌ری له‌پێناو پرسی کورددا چالاک بوو. به‌رهه‌مێکی ژیانی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ژولیه‌ت مه‌نس که ئه‌ویش فه‌رهه‌نگییه‌کی له چه‌شنی خۆی بوو، ئه‌وه بوو که ئه‌ویشی وه‌ك خۆی کردبووه دۆستی کورد و حیزبی دێموکڕات.
شالیان دواتریش به بزووتنه‌وه‌ی کورد و حیزبی دێموکڕات هه‌روا وه‌فادار مایه‌وه. قه‌ت نه‌بوو داوای شتێکی لێ بکه‌ین و ده‌ست به سینگمانه‌وه بنێ. دوایین جار که سه‌ردانی قه‌ڵای دێموکراتی کرد و له‌وێ سیمینارێکی پێشکه‌ش به کادر و پێشمه‌رگه‌كان کرد، ئه‌و نوسخه‌یه له ئه‌تڵه‌سێكی ژیئۆستراتژییم له کتێبخانه‌که‌ی دوکتور قاسملوو نیشان دا که له سه‌ره‌تای هه‌شتاکانی زایینی‌دا پێشکه‌ش به‌وی کردبوو و له‌سه‌ری نووسیبوو "ئه‌و ئه‌تڵه‌سه که پێشکه‌شی هێلێن و ڕه‌حمانی ده‌كه‌م، باسی شتگه‌لێک ده‌کا که ئه‌وان لێی شاره‌زان..."
شالیان هه‌روه‌ها ئه‌دیب و شاعیر و شانۆنامه‌نووس بوو و به‌رهه‌می له بواری ئه‌ده‌بی منداڵانیشدا هه‌یه. یه‌كێک له‌و به‌رهه‌مانه‌ی له‌سه‌ر کورد که که‌متر ناسراوه، ئانتۆلۆژی (گوڵبژێر)ی شێعری کوردییه.
له‌و ساڵانه‌دا که بۆخۆم له باشووری کوردستان بووم، یه‌کێک له خۆشییه‌کانی وه‌رزی پاییزی هه‌ر ساڵێکم هاتنه‌وه و مانه‌وه‌ی ژێرار له هه‌ولێر و له دراوسێیه‌تیی خۆم بوو، چونکه ئه‌و له پڕۆگرامی ماسته‌ری زانستی سیاسی و پێوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی زانکۆی کوردستان ده‌رسی ده‌گوته‌وه و سه‌رپه‌رستیی تێزی خوێندکارانی کوردی ده‌کرد.
له زۆر له‌و شه‌وانه‌دا به‌ده‌م په‌نیری فه‌ڕانسه‌یی و شه‌ڕابی لوبنانییه‌وه شێعره‌کانی خۆی بۆ ده‌خوێندمه‌وە و ئه‌زموون و به‌سه‌رهاتی په‌نجا ساڵ هاموشۆی بزووتنه‌وه ڕزگاریخوازه‌کان له چوار قاڕڕه‌ی دنیا و تێکه‌ڵیی له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌ی کاریسماتیکی وه‌ك چه‌گوارا و دوکتور قاسملووی بۆ ده‌گێڕامه‌وه.
ئه‌و زۆر جار ده‌یگوت خۆزگه "کوردستانی ئێران" پێش هه‌موو پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان ئازاد بووبا، چونکه به‌و ناسیارییه که له ئێوه و حیزبی دێموکڕاتم هه‌یه، ئه‌وه به قازانجی سه‌رجه‌م مه‌سه‌له‌ی کورد ته‌واو دەبوو. له یه‌کێك له‌و دانیشتنانه‌دا ته‌نانه‌ت داوای کرد وه‌سیه‌تی سیاسیی خۆی بۆ منی کورد تۆمار بکه‌م. بابه‌تێکی دیکه که ئێمه هه‌میشه پێکه‌وه باسمان ده‌كرد و ئه‌و له‌وه‌دا به‌ڕاستی خاوه‌ن ئه‌زموون و ڕوانین بوو، ئه‌وه بوو که بۆچی له جیهانی سێهه‌م به‌تایبه‌تی له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا دێموکڕاسی ئه‌وه‌نده به‌زه‌حمه‌ت وه‌دی دێ.
شالیان مرۆڤێکی ئازاد بوو که حزووری له مه‌یدان، به‌تایبه‌ت له‌و ناوچانه‌ی له‌سه‌ر نەخشەی جیهان دیار نه‌بوون، له تیئۆری و ئیدئۆلۆژی پێ باشتر بوو. ئه‌و حه‌زی نه‌ده‌کرد به‌ستراوه به هیچ داموده‌زگا و لایه‌نێک بێ. پێویستیشی نه‌بوو؛ جیا له جێگه و پێگه‌ی فه‌رهه‌نگیی، له باشترین زانکۆکانی جیهان (له‌نێو وان‌دا به‌پرستیژترین ئه‌کادیمیای خوێندنی سیاسه‌ت و به‌ڕێوه‌به‌ریی فه‌ڕانسه واته "لێنا" و له هارڤارد و بێرکلی) وانه‌ی گوتبۆوه. ژێرار شالیان که‌سایه‌تییه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند و فره‌ڕه‌هه‌ندی هه‌بوو که سه‌ره‌ڕای ناسراوییه‌که‌ی و تێپه‌ڕینی به زۆر هه‌وراز و نشێوی ژیاندا، زۆر ئارام و خاکه‌ڕا بوو. ئه‌وه‌ش به‌شێوه‌ی سروشتی سه‌رنجی خه‌ڵکی بۆ لای خۆی و سروشتی فەیله‌سووفانەی ڕاده‌كێشا. هاوینی ٢٠٠٣ که له‌گه‌ڵ مادام میتران و کریس کۆچێرا و کاک که‌نداڵ حه‌وتوویه‌ک له بریتانیای فه‌ڕانسه به‌شداری فێستیڤاڵی سینه‌مای کوردی بووین، ئه‌وه‌نده‌ی خه‌ڵك و ڕۆژنامه‌وانه‌کان له مادام ده‌هاڵان، هێنده و بگره زیاتریش له ژێرار.
به‌پێی ڕۆژنامه‌ی "لومۆند"ی ئه‌مڕۆ، شالیان له‌سه‌ر ته‌ختی مردنی له نه‌خۆشخانه‌ی پاریس ئه‌و چه‌ند دێره‌ی له‌پاش خۆی به‌جێ هێشتووه:
"ژیانم خه‌ریکه ته‌واو ده‌بێ. ئارام و بێباکم. ته‌نانه‌ت پێویستم به "ستۆئیسیزم" نیه هه‌تا بۆ تاقه‌ت هێنان له به‌رامبه‌ر ئازاردا په‌نا بۆ ئه‌قڵ ببه‌م. هه‌ست به ژان ناکه‌م. ئەوجار سازم که خۆم ڕاده‌ستی مردن بکه‌م..."