
دارسمە
دەڵێن لەم وڵاتە شیرینەی ئێمەدا، ئەگەر دوو کورد لەسەر شتێک ڕێک بکەون، یەکسەر دەبێ گومان لە کوردبوونی یەکێکیان بکرێت. ئەم قسەیە نازانم کێی زیرەک بۆی داهێناوە، بەڵام دیارە باش لە دەردی ئێمەی گەیشتوە. وا خەریکە لەسەر ناوی زیندەوەرێکی بچکۆلە، کە لە زەردەوڵە گەورەترە و ڕەنگی بەرەو سووری ژەنگاوی دەچێت، شەڕێکی نێوخۆیی هەڵگیرسێت. نیوەی خەڵکەکە سوێند دەخۆن ناوی "ژەنگەسوورە"یە و نیوەکەی تریش ملیان لەڕێی ئەوەدا داناوە ناوی "ژەنگەسۆرە"یە. ئەگەر بە خێرایی فریایان نەکەوین، ترسم هەیە سبەی لەسەر ئەم "وو" و "ۆ"ـیە، کۆنفرانس و سیمپۆزیۆم ببەسترێت و دواتریش چەند لێژنەیەکی باڵای بۆ پێک بهێنرێت و لە کۆتاییشدا، خوا نەخواستە، وەک زۆر کێشە چارەنووسسازی دیکەمان، بەبێ ئەنجام بدرێتە دەست بای فەرامۆشی.
بەڵام وا دیارە ئەم "ژەنگەسوورە"ـیە تەنیا لە نێو باخ و بێستانەکانی خۆماندا نافڕێت، بەڵکو باڵی گرتووە و چووەتە نێو نەخشە سیاسییەکان و لەسەر مێزی گفتوگۆی زلهێزان نیشتووەتەوە. هەر ئەم مێشە گەورەتر لە خۆیە، لەم ڕۆژانەدا بووەتە باس و خواسی مەجلیسە گەورەکان و ناوی لێنراوە "زەنگەزوور". دەبینن چۆن لە "ژەنگەسوورە"ـوە بووە بە "زەنگەزوور"؟ ئەمەش چیرۆکەکەی بۆ ئەمە دەبێت لەنێو کۆڕی سیاسەتمەدار و میاسەتمداراندا تێوە بژەنن یان بە ئەدەبانەتر بیورووژێنن.
برایانی هاوسێی خۆشەویستمان مێژووەکەیان بەردەوام وەک پیاوێکی پیرە کلیلی ماڵی خۆی گوم کردبێت و بە دوایدا بگەڕێت، بەڵام سوورە لەسەر ئەوەی کلیلی ماڵی هەموو دراوسێکانیشی لای ئەوە. ئەمانە بۆچوونێکی عەنتیکەیان لەسەر ناوی ئەم ناوچەیە هەیە و دەڵێن لە زوودا شازادەیەکی خێر لەخۆنەدیو فەرمانی بە خەڵکەکەی کردوە هەموو گەنج و زێڕ و زیوێکیان ببەن و لەسەر لووتکەی کێوێک بیشارنەوە. ئەوان دەڵێن ڕەنگە ئەم گەنجە لە ترسی بۆران و لافاو و لێمشت و شتی وا برابێتە سەر ئەم کێوە و بە بۆنەیەوە ناوی کێوەکانی ناوچکە نراوە "گەنجسار" ئەمەش وشەیەیەکی تەواو فارسییە، ئەوان نازنن وشەکە فارسیی نیە و کوردییە و لە ڕاستەکەی گەنجلەسەرە، بۆیە ناویان لە شوێنەکە ناوە "گەنج لەسەر". جا دواتر بەپێی تیۆریی پەرەسەندنی وشە، ئەم "گەنج لەسەر"ـە وردە وردە سواوە و بووە بە "زەنگەزوور". ئەم فارسانە کورد هەر هیچ، خەریکن حاشا لە ئەرمەنیانیش دەکەن و بەتەمان مێژوویان لە ناوچەکە بسڕنەوە بۆیە ئەم دەردەیان بە زەنگەزوور داوە.
هەر ئەم برادەرانە بۆ ئەوەی زیاتر ئێمە قایل بکەن، باس لە پاشگری "وان" دەکەن و دەڵێن ئەم پاشگرە فارسییە و بە مانای شوێن دێت. ئەوان لە بیریان چووە، یان خۆیان گێل دەکەن پاشگری "وان" لە زمانی کوردیدا گیانی وشەیە. شاخەوان، باخەوان، پاسەوان، مەلەوان... هەموو ئەمانە پیشە و ناسنامەن، نەک تەنیا ناوی شوێن. بەڵام دیارە ئەوان پێیان وایە ئەگەر تۆ خاوەنی فەرهەنگ بیت، ئەوا دەبێت خاوەنی جوگرافیاش بیت. ئاخر دەمێکە گوتراوە: "دار هەر لە خۆی نەبێت، کرمی لێ نابێت." ئەگەر خۆمان خاوەندارێتی لە زمان و مێژووی خۆمان نەکەین، خەڵکی دیکە نەک هەر وشەکانمان، بەڵکو شاخ و دەشتەکانیشمان بە ناوی خۆیانەوە تاپۆ دەکەن.
با لەم باسی زمانەوانییە بگەڕێینەوە سەر مێشە گەورەکە، یان هەمان "ژەنگەسوورە" سیاسییەکە. وا دیارە نەشتەرگەرێکی دەستبزێو لەوبەری زەریاکانەوە، حەزی لە گۆڕینی نەخشەی جیهانە و وەک ئەوەی یاریی "مۆنۆپۆلی" بکات، بڕیاری داوە نەشتەرگەرییەکی بەپەلە بۆ ئەم ناوچەیە بکات. ئەم "ژەنگەسوورە"ـیە، کە ناوی "زەنگەزوور"ـە، ئێستا وەک ئێسقانێک لە گەرووی هەندێک دەسەڵاتی ناوچەکەدا گیری خواردوە و وەک مێشێکی گەورە بە بناگوێی کۆماری ئیسلامییەوە دەزرنگێتەوە. ئەمە زرنگەیەکە خەوی لێ زڕاندوون و هەموو خەونەکانی "هیلالی پڕشنگدار"ی لێ تاڵ کردوون.
ئەوەی لە هەمووی پێکەنیناویترە، دۆخی ئێمەی کوردە لەم نێوەندەدا. خەڵکی خەریکی داڕشتنی ستراتیژ و بڕینی ڕێڕەو و داگیرکردنی جوگرافیان، ئێمەش هێشتا لەسەر ئەوەی ناوی مێشەکە "ژەنگەسوورە"ـیە یان "ژەنگەسۆرە" لە خەباتی فیکریی قووڵداین. وەک ئەوەی کابرایەکی لێ قەوماو بێت و ماڵەکەی ئاگری گرتبێت و ئەویش لە جیاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکە، خەریکی مشتومڕە لەگەڵ دراوسێکەیدا لەسەر ئەوەی ئایا دووکەڵەکە ڕەنگی ڕەشە یان قاوەیی! ئاخر گۆم هەتا قووڵ بێت، مەلەی خۆشە، بەڵام ئەم گۆمەی سیاسەتی ئێمە، بۆقیشی تێدا دەخنکێت!
لە کۆتاییدا، نازانم چارەنووسی ئەم "زەنگەزوور"ـە چی لێ دێت. ئایا دەبێتە ڕێڕەوێکی ئابووریی گرنگ، یان گۆڕەپانێکی نوێی جەنگ؟ ئایا ئەو گەنجەی گوایە لەسەر کێوەکە شاردراوەتەوە، هەر زێڕ و زیوە، یان خاک و ستراتیژە؟ بەڵام یەک شت دەزانم، تا ئێمە خەریکی وردەکاریی بێبایەخ و شەڕی نێوخۆیی بین لەسەر "وو" و "ۆ"، خەڵکی دیکە دێن و بە پیتی لاتینی و کریلی و عیبری ناوی شوێنەکانمان دەنووسنەوە و ئێمەش هەر دەبێت لە دوورەوە تەماشایان بکەین.
ئەرێ بەڕاست، دوای ئەوەی ئەم ژەنگەسوورەیە بە یەکجاری لەسەر نەخشە جێگیر بوو، ئاخۆ ناوی لەسەر ناسنامەکەی بە چ شێوەزارێک دەنووسرێت؟ سۆرانی یان کورمانجی؟ یان هەر بە فارسی، وەک هەمیشە؟ وڵامی ئەم پرسیارە با لەجێی خۆی بێت، بەڵام تۆ بڵێی داڵانی ژەنگەسوورە زۆر تەسک بێت یان بەرین؟ تۆ بڵێی ببێتە ڕێڕەوێکی درێژ و دەریای نێوەڕاست بە هیند و چین و مەغۆلستانەوە بلکێنێت و ئەوانەی خوارەوەی دەریای مازەندەران دەست لە هەرامە درێژتر چیبکەن؟ ئەوەی ئێستا ئاشکرایە ئەمەیە داڵانەکە خەریکە لە داڵانی زەنگزووەوە دەبێتە داڵانی ترامپ و ئەم ناو گۆڕینەش وادەکات لەم داڵانەدا ترامپ سەرچۆپی کێشی شایی بێت و بە گۆرانی لە کۆڵانی تەنگەبەرەوە شان لە شانی هاوپەیمانانی بدات.