کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەگبەی شاخ و شۆڕش (شەهید هەمزە بێهنام)

22:06 - 1 خەرمانان 2725

دەبمە چیرۆکی درێژی شەو و ھەر ڕۆژێک دێ
فەسڵی ئاخر بڵێ نووسەر: لە مەرگ ڕاسابوو

برایم چووکەڵی

هەر وڵاتێک ڕۆڵەکانی نەکاتە قوربانی و بە خوێنی لاوەکانی داری ئازادی ئاو نەدرێ، سەرکەوتنی دژوار دەبێ. خەڵکی کوردستان زۆر ڕۆڵەی بەوەجیان پێشکەشی ئاو و خاک و نیشتمان کردوە. کەم جێگای خاکی کوردستان هەیە کە بە خوێنی لاوانی ئازا و بوێری کورد نەنەخشابێ و لاوێکی کورد تێیدا سەری نەنابێتەوە. کەواتە نەتەوەی کورد بە شانازییەوە دەتوانێ بڵێ بە خوێنی لاوانی داری ئازادیی ئاو داوە و گەورەترین نرخی بۆ ئازادی بەخشیوە. ئەوە کە ئەم نەتەوەیە توانیویەتی بۆ دەیان ساڵ لە پێناو مافەکانیدا بێ‌پسانەوە ئاڵای خەبات و تێکۆشان بە شەکاوەیی ڕاگرێ، لەم ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرێ. کورد تا گەیشتن بە لوتکەی ئازادی لە خەبات ڕاناوەستێ، ئەگەرچی نرخی ئەو ئازادییەش خوێن و ژیانی ڕۆڵەکانی بێ. ئازادی‌ نرخی‌ گرانه‌‌ و هه‌روا به‌ سانایی‌ وه‌ده‌ست‌ نایه‌. ئه‌و گه‌لانه‌ی‌ كه‌ ئێستا زنجیری‌ دیلی ‌‌و كۆیله‌تییان پساندوه‌‌ و به‌ ئازادیی‌ ده‌ژین ‌و چاره‌نووسیان له‌ده‌ستی‌ خۆیان‌دایه‌ له ‌درێژه‌ی‌ خه‌بات‌ و به‌ربه‌ره‌كانییه‌كی‌ قاره‌مانانه ‌‌و شۆڕشگێڕانه‌دا توانیویانه‌ سەرکەوتن وەدست بێنن. خه‌بات ‌و به‌ربه‌ره‌كانیش له‌به‌رامبه‌ر داگیركه‌ران ‌و دیكتاتۆراندا لەپێناو ئازادی و مافی‌ چاره‌ی‌ خۆنووسین هه‌وڵ‌‌و  تێكۆشان‌ و فیداكاری‌ ده‌وێ‌. شه‌هید دوكتور قاسملوو گوتەنی:"گه‌لێك ئازادی‌ بوێ‌ ده‌بێ‌ نرخی‌ ئه‌و ئازادیه‌ش بدا."

شەهید هەمزە بێهنام ساڵی ١٣٣٩ هەتاوی لە بنەماڵەیەکی مامناوەندی ئاوایی "هەنگەوێی" ناوچەی پیرانشار چاوی بە ژیان کردۆتەوە. چوونی بۆ قوتابخانە هاوکات بووە لە گەڵ خەباتی چەکدارانەی ساڵەکانی ١٣٤٧ -١٣٤٦. لەو سەردەمەدا ناوچەی ئەوان جێگای پشوودانی ڕۆڵەکانی دێموکرات بوو. هەر بۆیە لە تەمەنی لاویەتییەوە ناوی دێموکراتی لەسەر زاران بوو. قۆناغی سەرەتایی لە گوندی هەنگەوێی تێپەڕ کرد و پاشان بۆ درێژەدانی خوێندن ڕەوانەی شاری پیرانشار کرا. بەڵام بەهۆی هەلومەرجی ئەوکات توانی تەنیا هەتا پۆلی ٣ی دواناوەندی دەرس بخوێنێ.

شەهید هەمزە هەر لە سەرەتای قۆناغی لاویەتیدا وەک کەسێکی تێگەیشتوو بە هەست و ئازادیخواز بیری دەکردەوە و لەگەڵ ئێش و ئازارەکانی نەتەوەکەی دەژیا. لە شۆڕشی سالی ١٣٥٧ بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی بەشداریی چالاکانەی کرد و ڕۆڵی بەرچاوی گێڕا. پاش ئاشکرابوونی تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە لێ‌وردبوونەوە و هەڵسەنگاندنی وردبینانە، ڕیزەکانی حیزبی هەڵبژارد و ساڵی ١٣٥٨ لە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتدا ئەرکی تەشکیلاتی و نیزامیی پێ ئەسپێردرا. هەمزە بێهنام لە ماوەی ئەو چەند ساڵە لەو ڕێکخراوەدا ئەرکی بەڕێوە برد و، بەکردەوە نیشانی دا شیاوی بەرپرسایەتییە.

هەمزە بێهنام ساڵی ١٣٦٠ لە هێزی ئاوارەی ئەوکات بە فەرماندەری لك دیاری کرا. هەروەک چاوەڕوان دەکرا زۆر سەرکەوتووانە ئەو قۆناغەشی بڕی و چەند عەمەلیاتی سەرکەوتووانەی بەڕێوە برد. هەر بۆیە ساڵی ١٣٦٥ بە جێگری فەرماندەری هێزی قەندیل دیاری کرا. بەو پێیە کە ئەوپەڕی لێهاتوویی و فیداکاریی لە خۆی نیشان دا توانیبووی ئەم بەرپرسایەتییە قورسەش بە دروستی بەڕێوە بەرێ، بەرپرسایەتی زیاتری پێ درا و ساڵی ١٣٦٦ کرا بە فەرماندری هێزی بەیان و دوای ساڵێک مانەوە لەو هێزە فەرماندەریی هێزی کێلەشینی پێ ئەسپێڕدرا. فەرماندە بێهنام لەو پۆستەشدا وەک فەرماندەرێکی کارامە، خاراو، خاوەن ئەزموون و بەتوانا ئەرکی پێ ئەسپێردراوی جێبەجێ دەکرد. لە ماوەی فەرماندەریی هەمزە بێهنام لە ناوچەکانی بۆکان و شنۆ زۆر عەمەلیاتی گەورە لە دژی هێزەکانی دوژمن ئەنجام درا و زۆر زەبری کاریگەر لە پەیکەری کۆنەپەرستیی کۆماری ئیسلامی کەوت کە بەحەق خەڵكی کوردستان شانازییان پێوە دەکرد.

سالێ ١٣٧٠وەک کادری کۆمیسیونی سیاسی نیزامیی دیاری کرا و ماوەی ساڵێک لەو کومیسیۆنەدا ئەرکی بەڕێوە برد و بەو پەری سەداقەت و ڕاستی و ئیمان بە ڕێبازی حیزبە خوشەویستەکەی کاری دەکرد. ساڵی ١٣٧١ بە هۆی لێزانی و ئەو ئەزموونە بەنرخانەی کە لە ماوی تەمەنی پێشمەرگایەتیدا وەسەریەکی خستبوون، ئەرکی فەرماندەری هێزی ئاگریی لە مەڵبەندی شومالی کوردستان پێ ئەسپێردرا و تا کاتی شەهیدبوونی لەو بەرپرسایەتییەدا بەوپەڕی لەخۆبوردوویی و فیداکاری و لێوەشاوەییەوە درێژەی بە خەبات دا.

هەمزە بێهنام کادرێکی تێگەیشتوو، لێزان، بە ئیمان، بە ورە، ماندوویی‌نەناس و وەفادار بە ڕێبازی شەهیدان و فەرماندەرێکی کارامە و بەبڕشت بوو. شۆڕشگێڕێکی لێبڕاو لە دژوارترین هەلومەرجەکاندا ئەرکی پێ ئەسپێردراوی بەوپەڕی لێهاتوویی و دڵسۆزییەوە جێبەجێ دەکرد. ئەو کەسایەتییەکی لەسەرەخۆ، خۆشناو، خۆشڕوو، خاکی، خەڵکی و خۆشەویستی هاوسەنگەرانی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە تایبەت ناوچەکانی شنۆ، بۆکان، پیرانشارو سەرووی کوردستان بوو. ئاواتی سەرکەوتنی حیزبە خوشەویستەکەی بوو، بەڵام بەداخەوە کەم ژیا و بە ئاوات نەگەیشت.

رۆژی ٢٧ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٧٣ هەتاوی لە کاتێکدا لەگەڵ دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی هێزی ئاگری و لە حاڵی ڕاپەڕاندنی مەئموورییەتی حیزبیدا لە ناوچەی مەرگەوەڕ سەر بە شارستانی ورمێ بوون، بۆ پشوودان و حەسانەوە لە گوندی "نۆوی" وچانیان دا. بەڵام هێزی دوژمن کە بە بوونی پێشمەرگە لەو گوندەی زانیبوو، بۆیان لە بۆسە دانیشت و لە کاتی هاتنەدەر لە ئاوایی بەداخەوە فەرماندەری هەڵکەوتووی هێزی ئاگری هەمزە بێهنام کەوتە بەر دەستڕێژی دوژمن و گیانی بەختی ڕزگاری و هاتنە دی ئامانجەکانی نەتەوەی کورد کرد.