
پاش کەمتر لە حەفتەیەک باسکردن لە دامەزراندنی شۆرایەکی نوێ بە ناوی "شۆرای بەرگری"، ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی گەلاوێژ، شۆرای باڵای ئەمنییەتی ڕێژیم دامەزراندنی ئەم شۆرایەی پەسەند کرد.
بەپێی زانیارییە بڵاوەکراوەکان لەلایەن میدیاکانی سەر بە ڕێژیمەوە، پێکهاتەی ئەم شۆرایە لە سەرۆکەکانی هەر سێ دەسەڵاتی دادوەری، یاسادانەر و جێبەجێکاری ڕێژیم و هەروەها دوو نوێنەری ڕێبەری ڕێژیم لە شۆرای باڵای ئەمنییەت، وەزیری ئیتلاعات، سەرۆکی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکان، فەرماندەکانی سپای پاسداران، ئەرتەش و "قەرارگای خاتەمولئەنبیا"، پێک دێت.
پێشتر هەواڵدەریی فارس سەر بە سپای پاسداران ڕایگەیاندبوو کە ئەم شۆرایە بەرپرسی دیاریکردنی سیاسەتە ستراتێژیکەکانی ڕێژیم بۆ بەرگریکردن لە هێرشە سەربازییەکان دەبێت.
نووسینگەی شۆرای باڵای ئەمنییەتی ڕێژیم پاش پەسەندکرانی شۆرای بەرگری ڕایگەیاندووە کە ئەم شۆرایە گەڵاڵە بەرگرییەکان و تواناکانی هێزە چەکدارەکان بە چڕی چاوەدێری بکات.
شۆرای باڵای ئەمنییەتی ڕێژیم زیادیشی کردووە کە سەرۆکایەتیی شۆراکە لە ئەستۆی سەرۆککۆمار دەبێت.
هەواڵدەریی تەسنیم سەر بە سپای پاسداران، بە ئاماژەدان بەوەی کە شۆرای بەرگری پێشتریش و لە کاتی شەڕی ئێران و عێراقدا پێک هاتبوو، نووسیویەتی: "بەپێی کێشەوبەرە ئەمنییەتییە نوێەکان و لێپێچراوەیی هەڕەشە ناوچەیی و جیهانییەکان، بووژانەوەی شۆرای بەرگری دەتوانێت یارمەتیدەری سەرنج خستنەسەر بڕیارە بەرگریکارانەکان بێت".
بە بڕوای لێکۆڵەرانی سیاسی دامەزراندنی ئەم شۆرایە پاش زیاتر لە مانگێک لە کۆتاییهاتنی شەڕی ١٢ ڕۆژە دەرخەری نیگەرانییەکانی ڕێژیم لە دەسپێکردنەوەی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیلە.