کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێکی ئەمریکا: داخستنی گەرووی هۆرمۆز خۆکوژیی ئابووریی کۆماری ئیسلامییە

10:52 - 2 خەرمانان 2725

ڕیچارد گۆڵدبێرگ، بەرپرسی پێشووی مێزی بەرپەرچدانەوەی پەرەپێدانی چەکی کۆمەڵکوژیی ڕێژیمی ئێران لە شواری ئەمنییەتی نیشتمانیی ئەمریکا، لە کاردانەوە بە لێدوانەکانی حوسێن شەریعەتمەداری، سەرنووسەری ڕۆژنامەی کەیهان ڕایگەیاند، داخستنی گەرووی هۆرمۆز بە مانای خۆکوژیی ئابووری بۆ تارانە.

ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە نرخێکی لەو شێوەیە بۆ نەوت لە ڕاستییەوە نزیکیش نابێت، وتی: "بە سەرنجدانە ئەو بابەتەی کە چین نیوەی نەوتەکەی لە گەرووی هۆرموزەوە بەدەست دەهێنێت، داخستنی ئەم گەرووە زۆرترین گوشار دەخاتە سەر چین و لە هەمان کاتدا کۆماری ئیسلامیش بە هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەست بۆ خۆکوژیی ئابووری دەبات".

حوسێن شەریعەتمەداری، نوێنەری عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم، لە وتووێژێکدا داوای داخستنی گەرووی هۆمۆزی کردووە و ڕەخنەی لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی گرتووە کە لەو کارتی گوشار بەپێی پێویست کەڵک وەرناگرن.
شەریعەتمەداری لەم وتووێژەدا دەڵێت: "ئەگەر گەرووی هۆرمۆز دابخرێت، نرخی هەر بەرمیلێک نەوت تا ٢٠٠ دۆلار بەرز دەبێتەوە".

ناوبراو لە ڕۆژنامەی کەیهاندا ڕاگەیاندووە، بەپێی زانیارییەکان داخستنی گەرووی هۆرمۆز لە بەرنامەی "مەجلیس"ـدایە و پێویستە بە زووترین کات گەرووەکە بە ڕووی کەشتییەکانی بریتانیا، فەرانسە، ئاڵمان، ئیسرائیل و ئەمریکادا دابخرێت.

گەرووی هۆرمۆز یەکێک لە ڕێڕەوە گرینگەکانی ئابووریی جیهانە و ڕۆژانە نزیکەی ١٧ میلیۆن بەرمیل نەوت لەم ڕێگەیەوە هەناردە دەکرێت.