
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ئاماژەی بەوە داوە لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دروستکردنی پارکینگ لە سەر پارچەی ٤١ی گوڕستانی "بەهەشت زەهرا" لە تاران کە ڕێژەیەکی زۆر لە دژبەرانی لەسێدارەدراو و گۆڕی بەکۆمەڵی تێدایە، دەیهەوێت بەڵگەی تاوانەکانی خۆی بشارێتەوە.
لە ڕاپۆرتی ڕۆژی شەممە یەکی خەرمانانی ئەو ڕێکخراوەدا باس لەوە کراوە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا شارەداریی تاران بڕیاری تێکدانی پارچەی ٤١ی گۆرستانی بەهەشت زەهرا و دروستکردنی پارکینگ لە جێگەکەیدا داوە.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەو هەوڵانەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئیرانی وەکوو وەبیرهێنانەوەیەکی تاڵی دیکە بۆ خۆدەربازکردنی سیستماتیک لەهەمبەر تاوانە دژی مافی مرۆڤییەکان لە سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە لە قەڵەم داوە.
لە ڕاپۆرتی ئەو ڕێکخراوەدا نووسراوە: "ئەم هەوڵە لە درێژەی دەیان ساڵ سنووردارکردنی بێبەزەییانەی ڕێژیمی ئێران دژی بنەماڵەی لەسێدارەدراوان و قوربانییانە کە تەنانەت ڕێگەی چاندنی گوڵێک یان نۆژەنکردنەوەی کێلی گۆڕە ڕووخاوەکانیشان پێ نەدراوە".
پارچەی ٤١ی گۆڕستانی بەهەشت زەهرا، ڕێژەیەکی زۆر لە دژبەرانی بێسەروشوێن و لەسێدارەدراوی دەیەی ٦٠ی هەتاویی تێدا نێژراوە کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ڕێگەیان بە هیچ جۆرە سەردانکردنێکی بنەماڵەی لەسێدارەدراوان بۆ گۆڕستانەکە و نۆژەنکردنەوەیان لە ماوەی ئەم ساڵانەدا نەداوە.
هەر لەو پێوەندییەدا داوود گوودەرزی، جێگری شارەداریی تاران، حەفتەی ڕابردوو وتبووی: "پارچەی ٤١ی ئەو گۆرستانە وەکوو خۆی مابوویەوە و ئیمەش پێویستمان بە پارکینگ بوو پاشان لە بەرپرسانی سەرووتر مۆڵەتنامەمان وەرگرت و کردمان بە پارکینگ".
ئەو قسانەی گوودەرزی لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی باسی لەوە کردە کە گۆڕی تاک و بەکۆمەڵی لەسێدارەدراوان لە دوای شۆڕشی ١٣٥٧ وەکوو بەڵگەی تاوان بە ئەژمار دێت و بەدواداچوونەکانی پزیشکی داد بۆ هەڵکەندنی گۆڕەکان و پاراستنی بەڵگەکان پێویستییەکی گرینگە.
هەروەها ئەم ڕێکخراوە بە ئاماژەدان بە لەنێوبردنی ئەو گۆڕستانە وەکوو شاردنەوی بەڵگەی تاوان ڕایگەیاندووە، کۆماری ئیسلامی لە هەوڵی شاردنەوەی بەڵگەی تاوانەکانی و ڕێگەنەدان بە مافی دەسپێراگەیشتن بە ڕاستییەکان، دادپەروەری و قەرەبووی زیانەکانە.