
کورتهێنانی بوودجەی ٨٠٠ هەزار میلیارد تمەنی بووەتە یەکێک لە قەیرانە داراییە جیددییەکانی ڕێژیمی ئێران. قەیرانێک کە دەرئەنجامی یەک ساڵ نییە، بەڵکوو دەرئەنجامی ساڵانێک لە خراپ بەڕێوەبردن و تێچووبڕی سیاسی و ئابووریی نەخۆشی کۆماری ئیسلامییە.
وەزیری ئابووریی ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ڕابردوودا لە لێداوانێکدا باسی لە کورتهێنانی ٨٠٠ هەزار میلیارد تمەن لە بوودجەدا کردووە و ڕایگەیاند کە بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت بۆ ئەو کێشەیە.
عەلی مەدەنیزادە زیادیشی کردبوو کە بەم نزیکانە پرۆژە یاسای چاکسازی لە بوودجە، ڕەوانەی مەجلیس دەکرێت.
ئەوە لە حاڵێکدایە خەڵک لە ژێر قورسایی هەڵاوسان و گرانیی نرخەکاندا دەناڵێنن.
بەشێکی زۆر لە بوودجەی ئێران بۆ دامەزراوە هاوتەریب، پڕوپاگەندە و پەرەدان بە ئیدۆلۆژییەکانی ڕێژیم خەرج دەکرێت کە بچووکترین ڕۆڵیان لە بەرهەمهێنان و گەشەی ئابووریدا نییە.
کارناسانی ئابووری هۆشداریی ئەدەن کە ئەم کورتهێنانە دواجار لە گیرفانی خەڵکەوە قەربوو دەکرێتەوە، جا چ لە شێوەی زیادبوونی هەڵاوسان و کەمبوونەوەی توانای کڕین، یان لە شێوەی قەرزە قورسەکانی دەوڵەت کە نەوەکانی داهاتوو بەرەوڕووی کێشە دەکات.
لە وڵاتانی دیکەدا چاکسازیی پێکهاتەیی بوودجە بە نەهێشتنی خەرجییە ناپێویستەکان و سەپاندنی دیسپلینی دارایی دەستی پێ کرد، بەڵام لە ئێران نەک هەر ئیرادەیەک بۆ ئەو جۆرە چاکسازییانە نییە، بەڵکوو بەشە ناکارامەکانی دەوڵەت ساڵانە پشکێکی گەورەتر لە بوودجە قووت دەدەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە تێچووی ڕاستەقینەی خەڵک لە بوارەکانی نیشتەجێبوون، چاودێریی پزیشکی و پەروەردەدا، ڕۆژ بە ڕۆژ قورستر دەبێتەوە.
کورتهێنانی ٨٠٠ هەزار میلیارد تمەنی تەنیا ژمارەیەک نییە، هۆشدارییەکی گەورەیە کە نیشانی ئەدات کە بەبێ چاکسازیی بنەڕەتی، کۆماری ئیسلامی ئابووری وڵات بەرەو داڕمانی یەکجاری دەبات.