کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبوڵلا: چەکی خۆمان ڕادەستی ئەرتەشی لوبنان ناکەین

12:42 - 2 خەرمانان 2725

لە کاتێکدا کە بڕیارە ئەرتەشی لوبنان تا کۆتایی ئەم مانگە پلانی خۆی سەبارەت بە قۆرخکاریی چەکوچۆڵ بخاتە بەردەم کابینەی حکومەت، حیزبوڵڵای لوبنان لە دژایەتی لەگەڵ ڕادەستکردنی چەکەکانی وەستاوەتەوە.

سەرچاوەکانی کاناڵی ''ئەلعەرەبییە'' ڕۆژی دووشەممە ٢ی خەرمانان بڵاویان کردەوە کە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان حیزبوڵڵا و نێردراوانی جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان، تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، حیزبوڵڵا بە عەون و فەرماندەی ئەرتەشی لوبنانیان ڕاگەیاندووە کە جێبەجێکردنی پلانی "قۆڕخکاریی چەک" بە مانای ڕووبەڕووبوونەوە دەبێت.
 حیزبوڵڵا هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە تەنانەت لەگەڵ "هەنگاوی ڕەواڵەتی"ـیش سەبارەت بەم بابەتە دژایەتی دەکات.

ئەلعەرەبییە زیادی کردووە کە بڕیاری حیزبوڵڵا بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی دەوڵەت لەم دواییانەدا بە مانای ئەوە نییە کە ئەم گرووپە واز لە گوشارهێنان بۆ دەوڵەت لە ڕێگەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە سەر شەقامەکانەوە دەهێنێت.

ئەوە لە کاتێکدایە کە هەواڵەکان باس لە پێشنیارکردنی چارەسەر بۆ پرسی چەکەکانی حیزبوڵڵا دەکەن، بەپێی هەندێک سەرچاوە ئەم چارەسەرانە بریتی دەبن لە خستنەڕووی پلانێکی ئەرتەشی لوبنان بۆ چەککردنی حیزبوڵڵا بەبێ دانانی خشتەیەکی کاتی بۆ ڕادەستکردنی چەکەکان، هەروەها پێوەندییەکانی نێوان سەرۆکایەتیی لوبنان و سەرکردایەتی حیزبوڵڵا و بزووتنەوەی "ئەمەل"، بە سەرۆکایەتی "نەبییە بەری"، هاوپەیمانی نزیکی حیزبوڵڵا، درێژەی هەبێت.

دەوڵەتی لوبنان لەسەرەتای ئەم مانگەوە بڕیاری دا کە چەک دەبێت تەنیا لە ژێر دەسەالتی دەوڵەتی لوبناندا بێت و فەرمانی بە ئەرتەش کرد کە تا کۆتایی مانگی زایینی پلانێک بخاتە ڕوو بۆ گەیشتن بەم ئامانجە.
 دەوڵەتی لوبنان لەهەوڵدایە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ ئەم پڕۆسەیە بگەیەنێتە ئامانج و گرووپی حیزبوڵڵا کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت، چەک بکات.