کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی مەریوان

12:44 - 2 خەرمانان 2725

کاک ئەحمەد نووری کوڕی مەلا محەممەد ساڵیانی، پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کەسایەتییەکی دیاری خەڵکی ئاوایی "ساڵیان" سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی مەریوان بەشی کەڵاتەرزان، لە تەمەنی ۷۲ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشیی گورچیلە ڕێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی کۆچی دوایی کرد.

دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، کاک ئەحمەد وەکوو کوردێکی نیشتمان‌ خۆشەویست چەکی لە شان کرد وەکوو پێشمەرگە لەنێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات خۆی سازمان دا و بۆ ماوەی ٣ ساڵ لە ڕێزەکانی حیزبدا ئەرکی نیشتمانیی خۆی درێژە پێدا. 

ناوبراو بەهۆی دۆخی نالەباری بنەماڵەکەی وازی لە پێشمەرگایەتی هێنا و لە زێدەکەی خۆی خەریک بە کاروباری باخداری بوو، هەتا دوا ساتەکانی ژیانی ئەو وەفادار بە ڕێبازی حیزب و گەل مایەوە.

کاک ئەحمەد چەند جارێک لەلایەن سپای پاسدرانەوە بانگ کراوە و هەڕەشەی لێ کراوە، بەڵام هیچکات گوێی بەو هەرەشە و گوڕەشانە نەدا و لەسەر ئەرکی نیشتمانیی خۆی سوورتر بوو.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.