
ڕەحیم نزهەتزادە
چوار دەیە دوای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی، ئیتر کەم کەس گومانی ئەوەی هەیە، کە ئەو سیستمە لەسەر سێ پایە سەرەکی بنیات نراوە: درۆ و فریودانی ئایدیۆلۆژی، تێرۆری ڕێکخراو و دروستکردنی ترس لە کۆمەڵگەدا. ئەم سێ توخمە نەک هەر لە ناوخۆدا بۆ سەرکوتکردنی نەتەوەكانی ئێران بەکارهێنراون، بەڵکو بوونەتە کەرەستەی سیاسەتی دەرەوەش. لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی هەمیشە بە خراپ بەکارهێنانی بیروباوەڕی مەزهەبی و پشتیوانی لە هێزی بە وەکالەت، بەبەردەوام هەوڵی داوە خۆی بگۆڕێت بۆ زلهێزێکی ناوچەیی.
هەر لە سەرەتاوە، دروشمی “سەربەخۆیی، ئازادی، کۆماری ئیسلامی” لە فێڵێک زیاتر نەبوو. کۆماری ئیسلامی، بە کەڵک وەرگرتن لە هەست و سۆزی ئایینی خەڵک، بانگەشەی نوێنەرایەتی کردنی خودای لەسەر زەوی، وەک بیانوویەک بۆ سەرکوتکردنی هەر دەنگێکی دژبەر بەکارهێنا. ئەم درۆ گەورەیە، بوو بە بنەمای دامەزراندنی حکومەتێک کە شەرعیەتی خۆی، نەک لە دەنگی خەڵکەوە، بەڵکو لە سەرکوتکردن و لێکدانەوەی هەڵبەستراو و داخراوی ئایین بەدەستی دەهێنێت. هەروەها فەرمانڕەواکانی ئێران هەر لە سەرەتاوە، تێرۆریان کردووە بە ئامرازێکی هەمیشەیی بۆ حوکمڕانی. لە سێدارەدانی بەکۆمەڵی شەستەکان، تییرۆر و کوشتنی زنجیرەیی رەخنەگرانی سیاسی و ڕۆشنبیران، و سەرکوتکردنی خوێناوی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لەم ساڵانەی دواییدا، هەموویان بەشێکن لە مێژووی سەرکوتی ناوخۆیی. لە گۆڕەپانی دەرەوەدا، "هەناردەکردنی شۆڕش" بە کردەوە لە هەناردەکردنی تێرۆر و ناسەقامگیری بۆ لوبنان، عێراق، سووریە، یەمەن و غەززە زیاتر نەبووە.
سەرەڕای خەرجکردنی ملیارەها دۆلار بۆ گروپە بەوەكالەتەكان، کۆماری ئیسلامی لە ساڵانی ڕابردوودا تووشی شکستی قورسی كردووە. شەڕی 12 ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل، لاوازییەكانی حزبوڵڵا و حەماسی ئاشکرا کرد. لە سوریا، ڕژێمی ئەسەد سەرەڕای پشتیوانی بەربڵاوی ئێران، لە گۆڕەپان سڕایەوە. لە عێراق و یەمەنیشدا کاریگەری تاران، ڕووبەڕووی تەحەدای جددی بووەتەوە.
ئەم پێشهاتانە وای دەردەخست، کە سیاسەتی هەناردەکردنی تێرۆر و دروستکردنی قەیران شکستی هێناوە. بەڵام بەڵگەکانی ئێستا، پێچەوانەی نیشان دەدەن: کۆماری ئیسلامی هەروا بەردەوامە لە هەوڵدان، بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی تۆڕەکانی بە وەکالەت. سەفەری ئەم دواییەی عەلی لاریجانی بۆ لوبنان نموونەیەکی ڕوونی ئەم هەوڵەیە.
ئێستا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: بۆچی ڕێژیم سەرەڕای شکستە یەک لە دوای یەکەکانی، پێداگری لەسەر درێژەدان بەو سیاسەتە دەکات؟ وەڵامەکە سادەیە: کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوەی، پێویستی بە قەیرانی بەردەوام هەیە. ئەم سیستەمە لە ئاژاوە و دوژمنایەتی دەخوات. بەبێ قەیرانی دەرەکی ناتوانێت، پاساو بۆ سەرکوتکردنی ناوخۆیی بهێنێتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش، وەک پەندەکە دەڵێت: ”تەوبەی گورگ مردنە”. چاوەڕوانی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە دەسەڵاتێک، کە بوونی لەسەر قەیران بنیات نراوە، لە وەهمێک زیاتر نیە.
پێداگری کۆماری ئیسلامی لەسەر سیاسەتی بە وەکالەت، نەتەوەكانی ئێرانی لە ناوخۆدا دووچاری هەژاری، چەوسانەوە و ناسەقامگیری كردووە. لە ڕووی ناوچەییەوە، وڵاتانی وەک لوبنان، سوریا، عێراق و یەمەن کە دەیانتوانی هەنگاو بەرەو گەشەپێدان بنێن، گۆڕاون بە بەرەکانی شەڕی بە وەکالەت. هەروەها کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئێران وەک "سپۆنسەری دەوڵەتی بۆ تێرۆر" دەناسێت، هەر ئەوەش هۆكاری گۆشەگیركرانی زیاتری وەڵاتەكە بووە.
ئەزموونی چوار دەیەی ڕابردوو دەریخستووە، سیستەمێک کە لەسەر بنەمای درۆ و تێرۆر و ترس دامەزراوە، نە چاکسازی تێدا دەکرێت و نە بەردەوام دەبێت. ڕەنگه کۆماری ئیسلامی بەڕدەوام بێت له خۆ پیشاندانی وەک زلهێزێکی ناوچەیی، بەڵام واقیعەکە ئەوەیە کە ئەم “ئیمپراتۆرییەتەی درۆ و تێرۆر” له سێبەڕێكی لەرزۆك، لە سەڕ جێگەی تێرۆر زیاتر پێناسەیەكی دیكەی بۆ نییە. مێژوو دەریخستووە، کە سێبەری درۆ هەرگیز بەردەوام نابێت و، مەحكوومە بە نەمان.