
کاناڵی ئەلمەیادین، سەر بە حیزبوڵڵای لوبنان، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، حەفتەی داهاتوو لە سەردانەکەی بەرپرسانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی بۆ تاران، لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو لایەن دەست پێ دەکات.
ئەو میدیایە ئاماژەی بەوەش کردووە، سەردانەکەی حەفتەی داهاتوو سیاسییە و پشکنێنەران لە هەیئەتی ئاژانسدا ئامادە نابن.
ئەلمەیادین ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی گەلاوێژ لە زاری سەرچاوەکانی خۆی، نووسی: "لاپەڕەی نوێ لە پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی و ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە چوارچێوەی یاسایەکی نوێ کە لەلایەن مەجلیسی ئێرانەوە پەسەند کراوە، پێک دێت.''
بەپێی ڕاگەیاندنی ئەو میدیاییە، حەفتەی داهاتوو هەیئەتی ئەو دەزگا نێونەتەوەییە، بۆ تاوتوێکردنی مێکانیزمەکانی جێبەجێکردنی یاسای مەجلیس سەبارەت بە هەڵپەساردنی هاوکاری لەگەڵ ئەو ئاژانسە بۆ تاران دەڕوات.
٤ی پووشپەڕ، ماوەیەکی کەم دوای ئاگربەستی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل، ئەندامانی مەجلیس پڕۆژە یاسای ڕاگرتنی هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئاژانسیان پەسەند کرد کە ١١ی پووشپەڕ دەوڵەتی مەسعوود پزیشکییان ئەم یاسایەی ڕاگەیاند.
ڕێکەوتی ١٣ی پووشپەڕ، دوای دەرچوون و ڕاگەیاندنی یاساکە، ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ بڵاوی کردەوە کە ژمارەیەک لە پشکێنەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی کە لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی لە تاران ئامادە بوون، بە هۆکاری ئەمنییەتی ئێرانیان بەجێ هێشتووە.
سەرەڕای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەلمەیادین، ڕافائێل گرووسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، ڕۆژی ٣ی گەلاوێژ ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە بەرنامە ناوکییەکەی ئامادەیە "دانوستانە تکنیکییەکان" دەست پێ بکاتەوە.