
شەهلا عورووجی، پارێزەری ماشەڵڵا کەرەمی، باوکی کۆمار (محەممەدمەهدی) کەرەمی، لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا و یەکێک لە باوکانی مافویست، ڕایگەیندووە کە داخوازیی پێڕاگەشتن بە دۆسییەی ناوبراو بەبێ ئاگادارکردنەوەی یاسایی، ڕێگەنەدان بە ئیزنی سەیرکردنی بڕیاری دیوانی باڵای ڕێژیم و هۆکاری ڕەتبوونەوەی داخوازییەکە، بۆ دووهەمین جار ڕەت کرایەوە.
عورووجی باسی لەوە کردووە کە داواکاریی ئازادیی مەرجداری ماشەڵلا کەرەمی، هاوشێوەی داخوازیی پێشوو لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە ڕەت کراوەتەوە.
شایانی باسە داخوازیی یەکەمی ئازادیی مەرجداری باوکی کۆمار کەرەمی لەلایەن لقی ١٢ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای "ئەلبۆرز" لە مانگی بەفرانباری ١٤٠٣دا، ڕەت کرابوویەوە.
ماشەڵڵا کەرەمی سەرەتا لەلایەن هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە بە دوو دۆسییەی جیاوازەوە سەرجەم بە سێ ساڵ و ٧ مانگی بەندکران سزا درابوو.
ناوبراو ڕێکەوتی ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی لەلایەن لقی ١٢ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئەلبۆرز بە تۆمەتی "سپیکردنەوەی پارە" و "بەدەستهێنانی پارە لە ڕێگەی نایاساییـ"ـیەوە سزای یەک ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو.
ڕێژیم لەم حوکمەدا فەرمانی دەسبەسەرداگرتن بە سەر خانوو و ماشینی ماشەڵڵا کەرەمی دابوو.
هەروەها لە مانگی گەلاوێژی هەمان ساڵدا، کەرەمی لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای ٢ی تاوانەکانی شاری "نەزەرئاباد"ـەوە، بە ٨ ساڵ و ١٠ مانگ بەندکران، یەک میلیارد و ٩٠٠ میلیۆن تمەن سزای بژاردنی نەختی و دەسبەرداگرتنی داراییەکانی سزا دراوە.
ئەو بەندکراوە کوردە، لە بەشێکی دیکەی دۆسییەکەیدا لە مانگی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئەلبۆرز بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و هاندانی خەڵک بە سێ ساڵ و ٧ مانگ بەندکران و هەروەها بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" بە ٨ مانگ بەندکران سزا درابوو.
باوکی ئەم شەهیدەی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، سەرەتا لە مانگی خەزەڵوەری ١٤٠٢ لە دوای دەسبەسەرکرانی، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کەرەجەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.
کۆمار کەرەمی ڕێکەوتی ١٧ـی بەفرانباری ساڵی ١٤٠١ـی هەتاوی، لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە سێدارە درا.