کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی ترامپ لەمەڕ بەڕێوەنەچوونی چاوپێکەوتنی نێوان پووتین و زێلێنسکی

17:09 - 2 خەرمانان 2725

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لەمەڕ سەرنەگرتنی چاوپێکەوتنی ئەمجارەی دوو سەرۆککۆماری ئۆکراین و ڕووسیە ناڕازییە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕویتێرز"، ترامپ بە ڕوونی لە بەردەوامیی شەڕی سێ ساڵەی نێوان ڕووسیە و ئۆکراین و نەگەیشتن بە ڕێککەوتننمامەی ئاشتییانە لە نێوانیان، ناڕەزایەتیی خۆی دەربڕیوە.

ترامپ سەرەڕای گوشارخستەسەر ڕووسیە لە ڕێگەی هەڕەشەی ڕەچاوکردنی گەمارۆی نوێ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و هەروەها بە پێچەوانەوە بۆ هەمان مەبەست بە شێوەی نهێنی داوای لە ئۆکراین کردووە کە بۆی نییە سیستەمی مووشەکی دوورمەدوای ئەمریکایی بۆ بەئامانجگرتنی ڕووسیە کەڵک وەربگرێت.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕویتێرز ئەو هەوڵەی ئەمریکا توانای ئۆکراین بۆ بەکارهێنانی تەواوی چەکوچۆڵە تاکتیکییەکان بۆ بەرگری لە بەرانبەر هێرشەکانی ڕووسیەدا سنووردار دەکات.

هەرچەند لە ماوەی حەفتەی ڕابردوو ترامپ و پووتین لە ویلایەتی ئالاسکای ئەمریکا چاوپێکەوتنیان بوو و دواتر ترامپ لە کۆبوونەوەیەکدا لە کۆشکی سپی لەگەڵ ز‌ێلێنسکی و ڕێبەرانی ئورووپاییدا کۆ بوویەوە، بەڵام هەتا ئێستا پێشکەوتنێکی ئەوتۆ بۆ ڕێککەوتننامەی ئاشتییانەی دوو لایەن بەدی ناکرێت.

هەر لەو پێوەندییەدا وەزیری دەرەوەی ڕووسیە ڕۆژی هەینی بە کاناڵی "ئێن بی سی"ـی ڕاگەیاند کە کاتێک بۆ چاوپێکەتن لەگەڵ زێلێنسکی ئامادە دەبین کە ڕێوشوێنی تایبەت و ڕوونی ئەو دانیشتنە لە ئارادا بێت و جەختی لەوە کردەوە کە لە ئێستادا هیج بریارێک بۆ بەڕێوەچووونی وەها چاوپێکەوتنێک لە ئارادا نییە.