کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی یەكیەتیی پیشەیی مامۆستایانی كوردستانی ئێران سەبارەت بە دەركردن و دوورخستنەوەی مامۆستایانی كورد لە قوتابخانەكانی پارێزگای سنە

17:13 - 2 خەرمانان 2725

لە كاتێكدا کێشە و گرفتەكانی کولتووری و دیاردە دزێوەكان، پێکهاتەی کەشی پەروەردەیی لە ئیدارەكانی پەروەردە و بارهێنان و قوتابخانەكان لە رۆژهەڵاتی كوردستان لەو پەڕی خراپی و بێ ئیمكاناتیدایە، كاربەدەستانی پەروەردە و بارهێنانی رێژیمی كۆماری ئیسلامی بە جێگەی سەرنجدان بە كێشە و گرفتەكان و چارەسەركردنی کێشەی بژیویی ژیان و پیشەیی مامۆستایان، بردنەسەرەوەی چۆنایەتیی و چەندایەتی كولتووری پەروەردە و پەرەپێدان بە کەشی پەروەردەیی قوتابخانەكان، بە دەركردن و دوورخستەوەی مامۆستایانی كورد و بە ئەمنییەتی كردنی کەشی قوتابخانەكان، سووکایەتیی بە مامۆستایان و ژینگەی قوتابخانەكان دەكەن.

دەرکردن و دوورخستنەوەی ١٤ مامۆستای قوتابخانە لە شارەکانی سنە، سەقز و دیواندەرە، لە پارێزگای سنە لە قوتابخانە و وتنەوەی وانە، نیشانەی ترسی رێژیم لە مامۆستای كوردە، لە پەروەردەی قوتابیی كورد بە وانەی نیشتمان و خوشەویستیی گەل و خاكە، چونكە مامۆستایانی كورد لە قوتابخانەكانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێشەنگی  شوناس و ماهیەتی مافویستی و فەرهەنگ و ئەدەبی کوردایەتین. بۆیە بە دەرکردن و دوورخستنەوە و چاوسوورکردنەوە لە لایەن كاربەدەستانی رێژیمی كۆماری ئیسلامییەوە، مامۆستای كورد لەو فەرهەنگ و ماهیەتە دوور ناکەوێتەوە. 

یەكیەتیی پیشەیی مامۆستایانی كوردستانی ئێران، دەرکردن، دوورخستنەوە، بێبەشکردنی مامۆستایانی کورد لە شارەكانی سنە، سەقز و دیواندەرە، لە پەروەردە و وانە وتنەوە لە پیشەی مامۆستایی، لە لایەن کاربەدەستانی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە بیانووی بێبنەما، مەحکوم و ڕسوا دەکات.

یەكیەتیی پیشەیی مامۆستایانی كوردستانی ئێران

٢ی خەرمانانی ٢٧٢٥ كوردی