
لە پاش هێرشی ئەم دواییانەی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر شارەکانی ئیسرائیل و پشتڕاستبوونەوەی بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی وەکوو مووشەکە بالستیەکییەکانی تەیارکراو بە کڵاوەی هێشوویی، ئیسرائیل بنکەکانی ئەو گرووپەی سەر بە ڕێژیمی ئیرانی لە سەنعای پێتەختی یەمەن کردە ئامانج.
وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ٢ی خەرمانان ڕایگەیاند، بێنیامین نیتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یێسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری، بە شێوەی ڕاستەوخۆ چاوەدێرییان بە سەر ئۆپەراسیۆنی هێرش بۆ سەر حووسییەکان لە سەنعا کردووە.
ئەرتەشی ئیسرائیل لەو بەیاننامەیەدا بە ئاماژەدان بە هێرش بۆ سەر کۆشکی سەرۆککۆماریی سەنعا کە وەک پەیامێک ڕوو لە ئەو گرووپەی سەر بە تاران لە قەڵەم دراوە، وتی: "حووسییەکان لە تیراوێژی ئیسرائیلدان".
بە گوێرەی بەیاننامەکە، لەم هێرشە دواییانەی حووسییەکاندا لە دژی ئیسرائیل، لە ڕێگەی چەکی کۆمەڵکوژ و قەدەغەکراوەوە خەڵکی ئاسایی ئیسرائیل کراونەتە ئامانج.
ئەرتەشی ئیسرائیل جەختی لەوە کردووەتەوە کە حووسییەکان بە ڕێنوێنی و پشتیوانیی دارایی کۆماری ئیسلامی، دژی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی چالاکی دەکات و هەروەها زیادی کردووە: "ئەم گرووپە لە دەریا بۆ بەڕێوەبردنی هەوڵی تێرۆریستی بە دژی کەشتی و بازرگانیی جیهانی، کەڵک وەردەگرێت".
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە خۆجێییەکانی یەمەن، ئیسرائیل لەو هێرشەدا بنکە سەربازی و مووشەکییەکان و چەند بنکەیەکی نزیک لە کۆشکی سەرۆککۆماریی حووسییەکانی کردووەتە ئامانج.
کاناڵی ١٤ی ئیسرائیل هەواڵی هێرش بۆ سەر ناوەندی سووتەمەنی و وزەخانەی کارەبای لە سەنعا بڵاو کردەوە.
هەروەها هەواڵدەرییەکانی سەر بە حووسییەکانی یەمەن سەبارەت بە زیانەکانی ئەو هێرشە باسیان لە کوژرانی دوو کەس و برینداربوونی ٣٥ کەسی دیکە کردووە.
کاناڵی "ئەلعەرەبییە" لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەتیی ئیسرائیلییەوە ڕاپۆرتێکی لەمەڕ زانیارییەکانی ئەو هێرشە بڵاو کردەوە کە باس لەوە دەکات ئەرتەشی ئیسرائیل لەو هێرشەدا ٥٠ بنکەی ئەو گرووپەی کردووەتە ئامانج.
چەکوچۆڵی هێشوویی بەو چەکوچۆڵانە دەوترێت کە بەهۆی شوێندانەریی تەقینەوەی یەکەم، پاش ماوەیەکی کورت ڕێژەیەکی بەرچاو پارچەی بچووکتر لە شوێنی تەقینەوەکەدا بە مەودایەکی بەربڵاوتر دەڕژێتە خوارەوە و زیاتر بۆ خەسارە گیانییەکان لە گۆرەپانی شەڕدا کەڵکی لێ وەردەگیرێت. ئەم جۆرە چەکانە لەلایەن ڕێکخراوەکانی وەکوو "خاچی سوور" و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە قەدەغە کراوە.
وێدەچێت لە ئێستادا بەکارهێنانی ئەم جۆرە چەکانە لەلایەن حووسییەکانی یەمەن و هەروەها کۆماری ئیسلامییەوە کە لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا لانیکەم دوو جار لەم چەکە کەڵکی وەرگرتووە، تێکهەڵچوونەکانی دوو لایەن بباتە قۆناغێکی نوێ و مەترسیدارەوە.