
هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم لە دووتوێی ڕاپۆرتیکدا باسیان لە بەڕێوەچوونی قۆناغی نوێی وتووێژەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و سێ وڵاتی ئورووپایی لە سەر بەرنامەی ناوکیی ئێران کردووە کە بڕیارە ڕۆژی سێشەممە ٤ی خەرمانان لە ژێنێڤی سویس بەڕێوە بچێت.
هەواڵدەریی "تەسنیم" سەر بە سپای پاسداران، بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار نووسیویەتی: "مەجید تەختێ ڕەوانچی، جێگری سیاسیی کاروباری دەرەوەی ئێران، باسی لە بەڕێوەچوونی ئەو دانیشتنەی نێوان ئاڵمان، فەرانسە، بریتانیا و کۆماری ئیسلامی بە بەشداریی جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی ئەو وڵاتانە کردووە".
ئەو سەرچاوەیە بە "تەسنیمـ"ـی ڕاگەیاندووە کە ڕێوشوێن و نێوەرۆکی ئەو دانیشتنە، لابردنی گەماۆکانە.
پێشتر لە ڕێکەوتی ٣١ی گەلاوێژ، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، سەبارەت بە مێکانیزمی ماشە لە پێوەندییەکی تەلەفوونیدا لەگەڵ سێ هاوتای ئورووپایی خۆی و وەزیرانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا قسەی کردبوو.
لەو پێوەندییە تەلەفوونییەدا بڕیار درابوو کە وتووێژەکان سەبارەت بە بەرنامە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی درێژەی هەبێت.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، باسکردن لە ڕەوتی ڕووداوەکان بەتایبەت چارەنووسی بەرنامەی ناوکیی تاران، بڕیاری ترۆیکای ئورووپایی بۆ چالاککردنی مێکانیزمی ماشە و ئەگەری دژکردەوەی کۆماری ئیسلامی لەو بارەوە پەرەی سەندووە.
عەلی لاریجانی، نویسکاری شۆرای باڵای ئەمنییەتیی میللیی ڕێژیم، ڕێکەوتی ٣١ی گەلاوێژ بە ئاماژەدان بە چالاککردنی مێکانیزمی ماشە لەلایەن ئاڵمان، فەرانسە و بریتانیاوە وتبووی: "ولاتانی گرینگ سەبارەت بە چۆنیەتیی بەکارهێنانی ڕێوشوێنی تایبەت بەو پرسەوە، جیاوازیی بیروڕایان هەیە".
پێش لە شەڕی ١٢ ڕۆژە، پێنجەمین قۆناغی دانوستانی ناوکیی ئێران و ئەمریکا بەڕێوە چوو بەڵام بە جەختکردنەوەی بەرپرسانی ڕێژیم لە سەر بەردەوامبوون لە پیتاندنی ئورانیۆم، بەردەوامیی وتووێژەکان پەک خرا و پاش کۆتاییهاتنی مۆڵەتی ٦٠ ڕۆژەی ترامپ، ئیسرائیل هێڕشی کردە سەر ئێران.