
شەهاب دارابی، هاووڵاتیی خەڵکی شابادی کرماشان و یەکێک لە شۆفێرە ناڕازییەکانی مانگرتنی کامیۆنداران، لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێرانەوە، بە سێ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکرانی داسەپاو سزا درا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، شەهاب دارابی کە پێشتر بەهۆی ڕخنەگرتن لە هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمی ئێران و پشتیوانی لە مانگرتنی کامیۆنداران لە مانگی جۆزەرداندا دەسبەسەر کرابوو، بە سێ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکرانی داسەپاو سزا درا.
بە گوێرەی راپۆرتی هەنگاو "دارابی" ڕۆژی سێشەممە ٦ی جۆزەردانی ١٤٠٣ی هەتاوی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بە شێوەی توندوتیژانە و بە لێدان لە ماڵی خۆی لە شاری شابادی کرماشان دەسبەسەر و ڕۆژی دووشەممە ١٢ی جۆزەردان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
ئەو هاووڵاتییە پێشتر لە ڕۆژی چوارشەممە ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، لە دوای بڵاوکردنەوەی بابەتێکی ڕخنەگرانە سەبارەت بە شانۆی هەڵبژارنەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، لەلایەن هێزە سەکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.
دارابی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاکیی هەیە، شۆفێری کامیۆنە و لە مانگرتنەکانی کامیۆنداران بەشداریی چالاکانەی هەبووە.