
ئێوارەی شەممە یەکی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی، حاجی عەبدوڵڵا حەیدەری، کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر، بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچوویی کۆچی دوایی کرد.
حاجی عەبدوڵڵا وەک کەسایەتیەکی خۆشناو و باوەڕپێکراو، خۆشەویست، بەدەم خەم و ئازارەکانی خەڵکەوە بوو. لە چاکە خۆی نەدەبوارد، لە ڕاستای بنبڕکردنی کێشە و ناکۆکیەکانی خەڵکی گوندەکان، پێشەنگ بوو.
ناوبراو لە هەستی پیرۆزی کوردایەتیدا قاڵ ببوو. لە سەرەتای شەستەکاندا، پەیوەندی تەشکیلاتیی لەگەڵ کادرەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەبووو و بە دەیان جار ئەرک و مەئمورییەتی پێ ئەسپێردراویی حیزبی بەخۆشحاڵییەوە بەڕێوە بردووە.
لە هەموو قۆناغەکانی خەباتدا، ماڵەکەی شوێنی حەوانەوەی کادر و پێشمەرگە بووە.
لەماوەی ژیانی سیاسیدا زیاتر لە ١٢ جار گیراوە و ئەشکەنجە کراوە. جگە لەوانە جارێک ماڵ و ئاشەکەی لەلایەن جاش و بەکرێگیراوانەوە ئاگری تێ بەردراوە.
حاجی عەبدوڵڵا تا کۆتایی ڕۆژەکانی تەمەنی، ئەویندار و شەیدای نیشتمان و خۆشەویستیی بۆ حیزبی دێموکرات و پێشمەرگە بوو.
بەدەنگە خۆشەکەی، بە حەیران و لاوک لە سەر ئاسمانی وڵات باڵی دەگرت، لەشەقەی شاباڵی دەدا و لەو دەڤەرانە کە لە سەر دەست و مەچەکی پێشمەرگە مێژووی خۆڕاگری خوڵقاوە، لەنگەری دەگرت و ئامێزی پێدا دەکرد.
گەورەترین ئاواتی ناوبراو، ڕووخانی ڕێژیمی پەت و سێدارە و سەرکەوتنی گەلی کورد بوو کە بەداخەوە تەمەنی زۆر و نەخۆشی، مەودای نەدا بەئاواتی دەیان ساڵەی بگات.
جێی ئاماژەیە کچێکی حاجی عەبدوڵڵا ئەندامی حیزبی دێموکراتە و ئێستا لە دەرەوەی وڵاتە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.