کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەلی خامنەیی: کێشەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا چارەسەر ناکرێن

15:27 - 3 خەرمانان 2725

پاش دوو مانگ لە شەڕی ١٢ ڕۆژە، عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ڕایگەیاند کە چارەسەرێک بۆ کێشەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بوونی نییە و زیادیشی کرد کە ئەو کەسانەی لە نێوخۆی ئێران داوای دانوستان لەگەڵ ئەمریکا دەکەن "ڕەواڵەت بین"ـن.

کۆماری ئیسلامی پاش ئەوەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان بۆردومان کرد، دانوستانە ناوکییەکانی لەگەڵ ئەمریکا هەڵپەسارد.

عەلی خامنەیی هەروەها ئەمریکای بە هاندەر  و پشتیوانی ئیسرائیل لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا تۆمەتبار کرد و وتی: ''ئەو دوو وڵاتە دەیانویست کۆتایی بە کۆماری ئیسلامی" بهێنن.

ئەم وتانەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دوو ڕۆژ دوای ئەوە بوو کە ئێران و زلهێزەکانی ئورووپا ڕایانگەیاند کە وتووێژەکان سەبارەت بە پرسی ناوکی تاران دەست پێ دەکەنەوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە سەرۆککۆماری ئەمریکا چەندین جار ڕایگەیاندووە کە هێرشەکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر سێ پێگەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان لە یەکی پووشپەڕدا بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی لەنێو برد و هەروەها هۆشداری داوە کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی بیهەوێت دەست بە پیتاندنی ئورانیۆم بکاتەوە، ئەمریکا جارێکی دیکە هێرش دەکاتەوە.

کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی دەڵێن پیتاندن مافی ئێرانە و سەبارەت بە ڕاگرتنی ئامادە نین دانوستان بکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە فەرانسە، ئاڵمان و بریتانیا، وەک لایەنە ئورووپاییەکانی ڕێککەوتننامەی بەرجام، هۆشدارییان داوە کە ئەگەر ئێران نەگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان، ئەوان "مێکانیزمی ماشە" چالاک دەکەن.