
ڕۆژنامەی فەرهیختگان، ڕۆژی دووشەممە ١٣ی گەلاوێژ پەرژاوەتە سەر بابەتی کاراکردنی مێکانیزمی ماشە و باسی لە گەڕانەوەی هەموو سزاکان بۆ سەر ئێران و ئەگەرەکانی کۆدەنگیی جیهانی بە دژی کۆماری ئیسلامی کردووە.
فەرهیختگان شی کردووەتەوە کە لە ئەگەری گەڕانەوەی سزاکان، کۆمەڵە هەوڵێک وەک قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەکوچۆڵ بە ئێران، ڕاگرتنی داراییەکانی پێوەندیدار بە سپای پاسداران و کۆمپانییە بازرگانی و کەشتیڕانییەکان، پشکنینی بارهەڵگرەکان و قەدەغەکردنی خزمەتگوزارییە داراییەکان لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بێتە ئاراوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا بە ئاماژەدان بە قورسایی سزاکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەچاو گەمارۆکانی ئەمریکا و ئورووپا، نووسراوە: "ئەگەرچی بازنەی سزاکانی ئەم ڕێکخراوە لە سزا یەکلایەنەکانی ئەمریکا و ئورووپا سنووردارترە، بەڵام بەهۆی فرەچەشن بوونی، تەوژمێکی دەروونی و دیپلۆماتیکی زیاتری دەبێت".
ئەم ڕۆژنامە زیادیشی کردووەتەوە کە وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەپێی ئیرادەی سیاسیی خۆیان دەتوانن شرۆڤەی جیاواز بۆ مەرجەکان بکەن.
فەرهیختگان خۆبواردنی ڕووسیە لە ڕادەستکردنی سیستمی بەرگریی "ئێس ٣٠٠" بە ئێران و بڕیاری پاکستان بۆ ڕاگرتنی پڕۆژەی گواستنەوەی گاز لە ئێرانەوە بۆ هێند و پاکستانی، بە نموونەکانی کاریگەربوونی ئیرادەی سیاسیی وڵاتانی دیکە بۆ جێبەجێکردنی گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان زانیوە.
ئەم ڕۆژنامەیە لە بەشێکی دیکە لە ڕاپۆرتەکەی خۆیدا سەبارەت بە کۆدەنگیی جیهانی بۆ ئەنجامی هەوڵە سەربازییەکان بە دژی تاران هۆشداریی داوە و نووسیویەتی: "وڵاتان دەتوانن لە کەشی گەمارۆکانی شۆرای ئەمنییەت بۆ ڕەواییدان بە هەوڵە سیاسی و سەربازییەکانیان کەڵک وەربگرن".
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاندووە کە لە ئەگەری کاراکردنی مێکانیزمی ماشە، ئێران لە پەیماننامەی "ئێن پی تی"، بۆ قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکە ئەتۆمییەکان، دێتە دەرەوە.