کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی دایکی ئەندامێکی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات لە کرماشان

15:29 - 3 خەرمانان 2725

ڕۆژی ٢ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی، خاتوو سەلما سەلیمی، هاوژینی خوالێخۆشبوو ئیبراهیم قادری و دایکی هاوڕێی بەڕێز کاک محەممەد نەزیف قادری، ئەندامی دەستەی کارگێریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری کرماشان کۆچی دوایی کرد و ماڵاوایی لە ژیان کرد .

خاتوو سەلما سەلیمی کچی خوالێخۆشبوو سەلیم سەلیمی خەڵکی کڵاشی باخانی ناوچەی باینگان، لە ٣ی گەلاوێژی ١٣١٤ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی ناسراو و نیشتمانپەروەری کورد لەدایک بوو.

ساڵی ١٣٣٣ ژیانی هاوبەشی لەگەڵ خوالێخۆشبوو کاک ئیبراهیم قادری پێک هێنا کە بەرهەمی ژیانیان ٤ کوڕ و ٣ کچە و تا دوا هەناسەی تەمەنی ژیانێکی پڕ لە سەروەری و شانازیی تێپەڕ کرد.

کوڕێکی دایە سەلما بەناوی کاک محەممەد نەزیف قادری ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی پێوەندییە ئێرانی و کوردستانییەکانی حیزبی دێموکراتی کورددستانی ئێرانە.

خاتوو سەلما پاش شۆڕشی گەلانی ئێران وەک کەسێکی خاوەن پێگەی جەماوەری و خۆشەویستی بنەماڵەی قادری و سەلیمی، هاندەری کەسوکاری بوو بۆ پێوەندیگرتن بە حیزبی دێموکرات و ڕێبازی کوردایەتی.

دوای فتوای جیهادی خومەینی بۆ گەلی کورد و هێرش بۆسەر کوردستان و کۆمەڵکوژییەکانی خەڵخاڵیی جەلاد، ئاوارەی باشووری کوردستان بوون و لە شەڕی هەڵەبجەدا دوایی ٣ ڕۆژ مەینەت و کیمیایی باران گەڕایەوە ناوچەی جوانڕۆ.
 هاوژینی خاتوو سەلما و ٢ کوڕی بەتاوانی ئەندامیەتی لە حیزبی دێموکرات گیران و زیندانی کران.

 ناوبراو بە ئەوپەڕی ورە بەرزییەوە سەرپەرەستی بنەماڵەکەی کرد و لەبەرانبەر ئەو هەمووە ئازار و ئەشکەنجە ڕوحییە، سەربەرزانە ژیا و کەسایەتی بنەماڵەکەی پاراست و بوو بە نموونەی خۆڕاگری .

تەرمی ئەو ژنە خۆڕاگرە لە ڕێوڕەسمێکی گەورەدا بە بەشداریی جەماوەرێکی زۆر لە خەڵکی شارەکانی کرماشان، جوانرۆ و پاوە و ئامادەبوونی هاوڕێیان، خزمان و ئەویندارانی ئازادی، لە گۆڕستانی باینگان بەخاک سپێردرا .

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.