کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامی: کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتێرەکەی ڕەئیسی، کاری ئیسرائیل بوو

15:34 - 3 خەرمانان 2725

محەممەد سەدر، ئەندامی کۆڕی دیارکردنی بەرژەوەنەدییەکانی ڕێژیم، لە وتووێژێکی ئانلایندا هۆکاری کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتێری هەڵگری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرکۆماری پێشووی کۆماری ئیسلامی، بۆ ئیسرائیل گەڕاندەوە و وتی: "ئیسرائیل بە بەئامانجگرتنی ڕەئیسی پەیامێکی کردەیی بۆ ئێران ناردووە".

ناوبراو لەو وتووێژەدا کە یەکی خەرمانان بڵاو کراوەتەوە بە ئاماژەدان بە کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتێری ڕەئیسی و شاندەکی وتی: "هەر لە یەکەم ساتدا کە لە ڕەیسییان دا، وتم ئەوە کاری ئیسرائیلە، چونکە بەپێی ئەو پێوەندییانەی کە لەگەڵ حیزبوڵڵا و لوبنان هەمبوو دەمزانی یەکێک لە ڕیگەکانی ناردنی پەیام لە نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل، کردەوەیەکە کە هەڵگری پەیامێک بێت".
سەدر بۆ شی کردنەوەی قسەکانی زیادی کرد، مەبەستی ئەویە کە ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێک ئەنجام ئەدات بۆ ئەوەی لایەنی بەرامبەر پەیامێکی ڕوونی پێ بگات.

ناوبراو لە درێژەیدا جەختی لەوە کردەوە کە دەستێوەردانی ئیسرائیل لەو ڕووداوەی کە بوو بە هۆی مردنی ڕەئیسی و شاندەکەی، تەنیا شیکارییە و هیچ بەڵگە و بەڵگەنامەیەک لەو بارەیەوە نییە.

ئەم بەرپەرسەی ڕێژیم لە کاردانەوە بە ڕەتکردنەوەی دەستێوەردانی ئیسرائیل لە کوژرانی ڕەئیسی لە ڕاپۆرتی فەرمیی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێراندا، وتی: ''بۆچوونی خۆمم لە هەموو شوێنێک بەبێ جیاوازی دەربڕیوە، ئیسرائیل پەیامێکی ناردووە کە ئەگەر ئێوە بتانەوێت بەردەوام بن، ئێمەش بەردەوام دەبین".

ئەمە جاری یەکەم نییە کە بەرپرسان یان کەسانی سەر بە کۆماری ئیسلامی هۆکاری کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتێرەکەی ڕەئیسی بۆ دەستێوەردانی دەرەکی دەگەڕێننەوە.

بەڵام تا ئێستا هیچ ناوەندێکی پێوەندیدار ئەم ئیدعایەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە و هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەیان بۆ خراپی کەشوهەوا گەڕاندووەتەوە.