کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێکی پێشووی ئیسرائیل: خولی دووهەمی شەڕی ئێران و ئیسرائیل بەڕێوەیە

15:35 - 3 خەرمانان 2725

ژاک نریا، بەرپرسی پێشووی ڕێکخراوی هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیل، هۆشداریی دا کە خولی دووهەمی تێکهەڵچوونەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەڕێوەیە.
ئەم بەرپرسەی پێشووی ئیسرائیل کە لە ئێستادا وەک توێژەری باڵای "ناوەندی ئەمنییەت و کاروباری دەرەوەی ئورشەلیم" چالاکی دەکات، لە وتووێژێکدا ڕایگەیاندووە کە حیزبوڵڵا لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا فەرمانی بە هێزەکانی داوە کە لە مۆبایلەکانیان دوورەپەرێزی بکەن و ئەو بڕوایە هاتووەتە ئاراوە کە شەڕێکی دیکە لە ڕێدایە.

ژاک نریا زیادی دەکات: "تۆڵەی ئێران خەریکە دێتە ئاراوە، ئێرانییەکان ناتوانن بۆ ماوەیەکی لەوە زیاتر وەها سووکایەتی و شکستێک قەبووڵ بکەن".
نریا بە ئاماژەدان بە مانۆڕی سەربازیی ئێران لە ڕێکەوتی ٣١ی گەلاوێژدا و هەروەها پێوەندییەکانی نیوان ئیسرائیل و سووریە لە ڕۆژانی ڕابردوودا وتویەتی: "سوورییەکان خوازیاری ئەوەن کە لە بەرەی ئیسرائیلدا سەقامگیری مسۆگەر بکەن و ئەلشەرع توانیویەتی بازنەی گوشاری کۆماری ئیسلامی کە لە دەوری ئیسرائیلدا جێگیر کرابوو تێک بشکێنێت".
ناوبراو جەختی کردووەتەوە کە لە ئێستادا تاران لەهەوڵدایە، پاش شکستی قورس لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا، پێوەندییە سەربازی و سیاسییەکانی خۆی لەگەڵ میلیشیاکانی بەهێز بکاتەوە و سەردانی ئەم دواییانەی عەلی لاریجانی، نویسکاری باڵای شۆرای ئەمنییەتی ڕێژیمی هاوتەریب لەگەڵ ئەم بابەتە زانیوە.