کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندام و پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکرات لە هەرێمی کوردستان

15:37 - 3 خەرمانان 2725

کاک محەممەد شێخ ڕەسووڵی، ناسراو بە ''خاڵە حەمە تەها'' پێشمەرگەی پێشوو و ئەندامێکی دڵسۆز و تێکۆشەرێکی لەمێژینەی حیزبی دێموکرات، خەڵکی گوندی بێورانی خوارێ لە ناوچەی سەردەشت، بەهۆی نەخۆشی لە تەمەنی ٨٠ ساڵێدا کۆچی دوایی کرد.

خاڵە حەمە یەکێک لە تێکۆشەرانی ٤٦ و ٤٧ و دڵسۆزێکی بە ئەمەگ و وەفاداری ڕێگای ڕزگاریی گەلی کورد بوو. لەگەڵ یەکەم ناڕەزایەتییەکانی شۆڕشی ١٣٥٧ بەشداریی خۆپێشاندانەکان دەکات و بە گوڕوتینەوە تا سەرکەوتنی شۆڕش و ڕاماڵینی ڕێژیمی پاشایەتی بەشدار دەبێت.

لەگەڵ هێرشی نوێ بۆ سەر کوردستان جارێکی دیکە وەک پێشمەرگە بۆ بەرگری لە کوردستان و گەلەکەی بەشداریی دەکات.

لە کاتی هێرشی ڕێژیم بۆ سەر ناوچەکانی سەردەشت و گرتنەوەی گووندی بێورانی خوارێ و ناوچەکە، بە بنەماڵەوە ئاوارەی باشووری کوردستان دەبێت.

دڵسۆزی و پەرۆشی خاڵە حەمە بۆ کوردستان و حیزبی دێموکڕات شتێک نییە بە چەند وشەیەک بنووسرێتەوە.

 لە کاتی ئاوارەیی و دەربەدەریدا هەرچی ئازار و ناخۆشیی ڕۆژگارە بە خۆی و بنەماڵەکەیەوە بە هەژارییەکی زۆرەوە دەیچێژن.

ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی ئاوارەی ئۆردووگای ڕوومادی لە عێراق دەبن و چەندین ساڵ لە هەموو جۆرە پێوەندییەک لەگەڵ کەسوکار و خزمان دادەبڕێن.

خاڵە حەمە و چیرۆکی ژیانێکی ئەستەم، بەڵام پڕ لە سەربەرزی ئەو وشە و قسانە بوون کە بە زاریدا، دەهاتن و بە سەعات و ڕۆژان بە پەرۆشەوە هەموو ئەوانەی دەیانناسی گوێیان بۆ دەگرت.

دوای چەندین ساڵ مانەوە لە ئۆردووگای ڕوومادی، ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی خاڵە حەمە لە دەرفەت کەڵک وەردەگرێ و جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ باشووری کوردستان و دواتر لە گوندی بۆسکێنی نزیک ڕانیە نیشەجێ دەبن.

باوەڕ و خۆشەویستی خاڵە حەمە، ئەو وشە و پەیڤانە بوون کە بە ئەوین و سۆزێکی زۆرەوە بۆ حیزبی دێموکڕات بە زاریدا، دەهاتن.

خاڵە حەمە بەدەر لەوەی بنەماڵەکەی بوو بە مەکۆ و ماڵی تێکۆشەران و دڵسۆزانی کورد، خۆشی باوەڕ پێکراوی بەرپرسان و دڵسۆزانی حیزبی دێموکرات بوو.

ئەو ماوە سەختە لە باشووری کوردستان و سەردەمی تێرۆرەکان خاڵە حەمە وەک قەڵا وەستا و مەترسی نەیتوانی لە ئەرک و ڕاسپاردە حیزبی و نەتەوەییەکانی دووری بخاتەوە.

خاڵە حەمە، بە هەژاری و سەختی زۆر بنەماڵە و کووڕ و کچەکانی پێدەگەیەنێ و دەبن بە نوێنگەی خۆشەویستی و فەرهەنگ و کولتوورێکی جوان کە لە پەروەردەی باوکیانەوە، بۆیان ماوەتەوە.

ئەو ماوە کە لە شاری هەولێر و شارۆچکەی بەحرکە نیشتەجێ بوون، خاڵە حەمەی دڵسۆز و بنەماڵەکەی دەبن بە پشتیوان و داڵدەدەری هەموو ئەو کەسانەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە جۆرێک ئاوارەی باشووری کوردستان دەبن و پەنا بۆ بنەماڵەکەی دەبەن.

هیچ ماڵ و کەسێک نییە پێویستی بە هاوکاری بووبێت و لەلای خاڵە حەمە نائومێد کرابێت.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.