
٤٨ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی خدر و کلارا ڕەسووڵی، باوک و کچی خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزە سەرکەتکەرەکانی ڕێژیمەوە تێدەپەڕێت و هەتا ئێستا چارەنوسیان ناڕوونە.
ئاژانسی مافی مرۆیی کوردپا، پێشتر ڕایگەیاندبوو کە سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی پووشپەڕی ١٤٠٤، کاتژمێر ١٢ و ٣٠ خولەکی نیوەشەو، تیمێک لە هێزە سەرکەتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ بە هێرشی توندوتیژانە بۆ سەر ماڵی خدر ڕەسووڵی، وێڕای شکاندنی دەرکە و بێڕێزی و سووکایەتیکردن بە ئەندامانی بنەماڵەکەی، ناوبراو و کلارای کچی بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە بێ ڕوونکردنەوەی تۆمەتەکانیان دەسبەسەر کردوون و بۆ یەکێک لە گرتنگە بەناو ئەمنییەتییەکانی ورمێیان ڕاگواستوون.
خدر ڕەسووڵی لەدایکبووی ١٣٣٥ و کلارا ڕەسووڵی لەدایکبووی ١٣٦٧، پاش ٤٨ ڕۆژ هێشتا لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێدا دەسبەسەرن و بە شێوەی نایاسایی ڕاگیراون.
ئەوان لە مافی پێوەندی و چاوپێکەوتن و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراون و بنەماڵەکەیان بە جیددی نیگەرانی دۆخی ئەوانن.
بەپێی زانیارییەکان لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، خدر ڕەسووڵی دوو جار نەشتەرگەریی دڵی بۆ کراوە و لەژێر چاوەدێریی پزیشکدا بووە، کە ئێستا لە دەستڕاگەیشتن بە چارەسەری پزیشکی بێبەری کراوە و گیانی لە مەترسیی جیددیدایە.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا جەختی کردووەتەوە کە ئەم دەسبەسەرکرانانە هیچ هۆکار یان تۆمەتێکی یاسایی ڕوونیان نییە و تەنیا بە هۆی چالاکییە سیاسییەکانی کارۆ ڕەسووڵی، کوڕی ئەم بنەماڵەیە. کارۆ ڕەسووڵی لە چالاکانی سیاسی لە دەرەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە.