کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئوسترالیا باڵوێزی ڕێژیمی ئێرانی دەر کرد

10:39 - 4 خەرمانان 2725

ئانتۆنی ئاڵبانیزی، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بڕیاری دەرکردنی باڵیۆزی ڕێژیمی ئێرانی بەهۆی دەستێدابوونی تاران لە دوو هێرش دژی جوولەکەکان لە سەر خاکی ئوسترالیا داوە.

ئالبانیزی لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە جەختکردنەوە لەوەیکە ڕێژیمی ئێران ڕاستەوخۆ فەرمانی لانیکەم دوو هێرشی دژی جوولەکە لە ئوسترالیا داوە، وتی ئەم هەڵسوکەوتە قەبووڵکراو نییە و بەها دێموکراتیکەکانی وڵاتەکەی تێک دەدات.

ناوبراو باسی لەوە کرد: "باڵیۆزخانەی ئوسترالیا لە تاران ڕاگیرا و ئێستا هەموو دیپلۆماتکارانی ئوسترالیا لە وڵاتی سێیەم لە ئەمنییەتدان.''

سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا هەروەها ڕایگەیاند کە دەست بە پرۆسەی دانانی سپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەکات، ئەمەش هەنگاوێکە کە ڕووبەڕووبوونەوەی دیپلۆماتیکی نێوان کانبێرا و تاران زیاتر دەکات.

ئالبانیزی وتی کە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئوسترالیا ڕێژیمی ئێران بە بکەری دوو هێرش بۆ سەر چێشتخانەیەک لە سیدنی و مزگەوتێک لە مێلبۆرن دەزانن.

لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە ساڵی ٢٠٢٣، بەشێوەیەکی بەرچاو ئەو ڕووداوانە لەم دوو شارەدا زیادیان کردووە کە بە "دژە جوولەکە" وەسف کراون.

هاوکات پێنی ونگ، وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا لە دانیشتنیکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئوسترالیا ماوەی حەوت ڕۆژ مۆڵەتی بە باڵیۆزی ڕێژیمی ئێران و سێ بەرپرسی دیکەی ئێران داوە تا ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵن. ئەمە یەکەمجارە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ئوسترالیا باڵیۆزێک دەر بکات.

هەروەها ئوسترالیا باڵوێزی خۆی لە تاران بانگهێشت کردووەتەوە و چالاکییەکانی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ئێران ڕاگرتووە.

وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا جەختی لەوە کردەوە: ''ئێمە ئەم بڕیارەمان داوە، چونکە کردەوەکانی ئێرانمان پێ قەبووڵ ناکرێ.''