کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی شەهیدانی ژینگەپارێزی کوردستان بەرز ڕاگیرا

11:25 - 4 خەرمانان 2725

ڕۆژی دووشەممە ٣ی خەرمانانی ١٤٠٤، حەوتەمین ساڵیادی شەهیدبوونی شەهیدانی ژینگەی کوردستان لە مەریوان، بە شێوەیەکی بەشکۆ و بەبەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی بەئەمەگ و ژینگەدۆستی کوردستان و چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێز، لەسەر مەزاری ئەم شەهیدانە لە گۆڕستانی داسێرانی ئەم شارە بەڕێوە چوو.

خەڵکی کوردستان بە بەشداری لە حەوتەمین ساڵیادی شەهیدانی ژینگەی کوردستان وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی ئەو ژینگەپارێزانەی کە لە ڕۆژی ٣ی خەرمانانی ساڵی ٩٧ی هەتاویدا و لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی پێڵە و سەڵەسی لە شاری مەریوان شەهید بوون، ڕێزیان لە شەهیدانی ژینگەپارێزی دیکەی کوردستان گرت کە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی کوردستاندا و لە ساڵانی ڕابردوودا شەهید بوون.

لەم ڕێوڕەسمەدا وێنەی شەهیدانی ٣ی خەرمانان، هاوکات لەگەڵ شەهیدانی ژینگەی پاوە کە لە ساڵی ٩٨ و لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی پاوەدا شەهید بوون و هەروەها وێنەی سێ شەهیدی ژینگەپارێزی ئەم دوواییانەی شاری سنە هەڵواسرابوو و خەڵکی کوردستان پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ نوێ کردنەوە.

ڕۆژی شەممە ٣ی خەرمانانی ١٣٩٧، چوار چالاکی ژینگەپارێزیی خەڵکی مەریوان بە ناوەکانی "شەریف باجوەر، ئومید کۆنەپۆشی، ڕەحمەت حەکیمی نیا و محەممەد پەژووهی"، لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی "پێلە و سەڵەسی" لەم شارە، شەهید بوون.

دواتر ئەنجومەنی ژینگەپاریزیی سەوز چیای مەریوان ئەم ڕۆژەی وەکوو ڕۆژی شەهیدانی ژیگە ناودێر کرد و هەموو ساڵێک لەم بۆنەیەدا، خەڵک بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی تایبەت ڕێز لە شەهیدانی ژینگەی کوردستان دەگرن.

شایانی باسە کە چوار کەس لەو شەهیدە ژینگەپارێزانە بە ناوەکانی شەریف باجوەر، موختار خەندانی، یاسین کەریمی و چیاکۆ یووسفی‌نژاد ئەندامی نهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون.