کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گاردیەن: لێکەوتەکانی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران نەرێنی بووە

16:44 - 13 گەلاوێژ 2725

ڕۆژنامەی گاردیەن لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە لێکەوتەکانی هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ئاکامی پێچەوانەی بۆ ڕۆژاوا هەبووە.
ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان نە تەنیا ڕێژیمی تاران لە ئاکامی ئەم هێرشانەدا نەڕووخاوە، بەڵکوو کۆماری ئیسلامی دەستی لە پیتاندنی ئورانیۆم هەڵنەگرتووە و سەرەڕای ئەوەش شەپۆلی نوێی سەرکوتی دژبەرانی خۆی دریژە پێ داوە.
نووسەری ڕاپۆرتەکە بە ئاماژەدان بەوەی کە پاش ڕوودانی ئەم شەڕە سەدان کەس بەتۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ ئیسرائیل دەسبەسەر کراون، جەختی کردووەتەوە کە تەنانەت ئەم هێرشانە نەیانتوانیوە "بیرۆکە"ـکانی نیو دەسەڵات بگۆڕێت.
هەروەها ئاماژە بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران پاش ئەم هێرشانە کراوە.
سیمۆن تیسدال، نووسەری بابەتەکە لەسەر ئەو بڕوایەیە کە هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لێکەوتەی نەرێنی بەربڵاوی هەبووە و سەرەڕای پێشێلکردنی جاڕنامە نێونەتەوەییەکان، تارانی گەیاندە ئاستێک کە ڕێگەی چاوەدێرانی ئاژانس بۆ سەردانی بەرنامە ناوکییەکانی دابخات و ئەگەرەکانی دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە زیاتر کردووە.
لە بەشێکی دیکەدا ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە ئەم هێرشە وەک هاندانێک بوو بۆ وڵاتانێکی یاخی وەک ڕووسیە کە دەتوانن بەبێ سزا وێلیکەوتە هێرش بکەنە سەر وڵاتانی دیکە.
تیسدال ئەوەشی باس کردووە کە ئەم هێرشە نیشانی دا کە چیتر ڕۆژاوا جێی متمانە نییە و هاوپەیمانی لەگەڵ چین یەکێک لە پێداویستییەکانی ئەمڕۆی جیهانە.
جێی ئاماژەیە کە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئیسرائیل چەند جار جەختیان لەسەر ئەوە کردبووەوە کە ئامانجیان لەم هێرشە ڕووخانی ڕێژیمی ئێران نەبووە و تەنیا ئامانجیان لەنێوبردنی بەرنامە ناوکییەکانی تاران بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و تێکشکاندنی ژێرخانە سەربازی و مووشەکییەکانی بووە.