
پتر لە هەزار چالاکوانی مەدەنی بە واژۆکردنی بەیاننامەیەک خوازیاری پووچەڵکردنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی شەریفە محەممەدی، چالاکوانی مافی ژنان بوون.
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە شەریفە محەممەدی پاش تێپەڕاندنی ٢٠ مانگ دەسبەسەرکران و ڕەوتێکی دادوەریی نادادپەروەرانە، بەهۆی چالاکییە ئاشتیخوازانەکانی، حوکمی لەسێدارەدانی بە سەردا سەپاوە کە بڕیارێکی دوور لە دادپەروەرییە و دەبێت بە زووترین کات ئازاد بکرێت.
نووسەرانی بەیاننامەکە بە ئاماژەدان بە ئەشکەنجەدانی ئەم بەندکراوە سیاسییە لە کاتی دانپێداناندا نووسیویانە: "ئەشکەنجەدەران بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، شەریفەیان خستووەتە ژێر ئەشکەنجە و هەڵسوکەوتی توندوتیژانەی وەک، لێدان لە سەر و دەموچاوی لەکاتێکدا کە چاویشیان بەستووە".
واژۆکەرانی بەیاننامەکە لە بەشێکی دیکەدا جەختیان کردووەتەوە کە شەریفە لەژێر مەترسیی لەسێدارەداندایە و داوایان کردووە کە ئەم حوکمە نادادپەروەرانەیە بەپەلە و بێ هیچ مەرجێک پووچەڵ بکرێتەوە و هەروەها خوازیاری ئەوە بوون کە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و بێلایەنانە سەبارەت بە توندوتیژی و ئەشکەنجەدانی ئەم بەندکراوە سیاسییە بخرێتە گەڕ و تاوانباران لە دادگایەکی دادپەروەرانەدا وڵامدەر بکرێن.
شەریفە محەممەدی لە سەرماوەزی ساڵی ١٤٠٢ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و پاش چەند مانگێک مانەوە لە گرتنگەکان و ئازار و ئەشکەنجەی زۆر ڕەوانەی بەندیخانە کرا.
جگە لە خودی بەندکراو، بنەماڵەکەشی لە ئازار و گوشارەکانی دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی بێبەش نەبوون و ڕێژیم گوشارێکی قورسیشی خستووەتە سەر بنەماڵەکەی. سیرووس فەتحی، هاسەری شەریفە محەممەدی، ساڵی ڕابردوو بۆ ماوەی چەند ڕۆژ بەبێ هیچ هۆکارێکی یاسایی دەسبەسەر کرابوو.
ئەمیر ڕەئیسییان، پارێزەری شەریفە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە پشتڕاستکردنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی ناوبراو ڕایگەیاندبوو: "سەرەڕای ئەوەی کە هیچ یەک لە هەڵە و کێشەکان کە لقی ٣٩ی دیوانی باڵا پێشتر بەپێی ئەوانە حوکمەکەی پووچەڵ کردبووەوە چارەسەر نەکراوە، هەمان لق بە هەمان کێشەگەلەوە بۆ جارێکی دیکە حوکمی لەسێدارەدانی شەریفەی پشتڕاست کردووەتەوە".
تاکوو ئێستا زۆربەی لایەن و ڕێکخراوە مافی مرۆڤی، سەندیکا و کەسایەتییە سیاسی، مەدەنی، هونەری و وەرزشییەکان، خوازیاری پووچەڵکردنەوەی ئەم حوکمە بوون.
شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران، سەندیکای کرێکارانی "هەفت تەپە"، ناوەندی سێنفیی مامۆستایانی تاران، چالاکوانانی پێشکەوتووی عەرەبی ئەهواز، وریا غەفووری یاریزانی کورد، تووماج ساڵحی، هونەرمەند، ئێلناز ڕکابی وەرزشوانی زەنجانی، چەند نموونەی ئەم ڕێکخراو و کەسایەتییە ناودارانەن کە خوازیاری پووچەڵکردنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی شەریفە محەممەدی بوون.