
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی دووشەممە ٣ی خەرمانان لە ڕاپۆرتیکدا بڵاوی کردووەتەوە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لانیکەم ١٠ هاووڵاتیی کورد لە شارە جۆربەجۆرەکانی ئێران و کوردستان دەسبەسەر کراون.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە شارەکانی سەقز، بانە و تاران لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ١٠ هاووڵاتیی کوردیان بە ناوەکانی ڕامین ڕۆستەمی، ئیحسان ڕۆستەمی، میلاد ڕەندانی، نەریمان ڕەندانی، هۆشیار شەعبانی، ئومێد ئەحمەدپوور، ئومێد ڕەحیمزادە، مەهدی کەماڵی، زەکەریا مورادی، و محەممەد ئەمینپوور دەسبەسەر کردووە.
ڕامین ڕۆستەمی و ئێحسان ڕۆستەمی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی هەرسینی کرماشان و دانیشتووی تارانن کە ڕێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠٤ لە ماڵی خۆیان بەبێ بوونی بەڵگەیەکی یاسایی دەسبەسەر کراون.
هەر لەو ڕۆژەدا هێزە سەرکوتکەرەکان لە نزیک شاری کانی سوور لە بانە تەقەیان لە هۆشیار شەعبانی بەندکراوی سیاسیی پێشوو کرد و بە برینداریی دەسبەسەریان کرد.
هەروەها ئومێد ئەحمەدپوور دانیشتووی شاری بانە و خاوەنی ئەو ماشینەی کە هۆشیار شەعبانی لێی خوڕیوە، دەسبەسەر کراوە.
ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی گەلاوێژ، هێزە ئەمنییەکان بۆ دووهەمین جار لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، میلاد ڕەندانی و نەریمان ڕەندانی دوو برای خەڵکی سەقزیان بە لە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کرد.
هەر لەو ڕۆژەدا هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات چوار هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی سەقزیان بە ناوەکانی ئومێد ڕەحیمزادە، مەهدی کەماڵی، زەکەریا مورادی و محەممەد ئەمینپوور دەسبەسەر کرد و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەیان ڕاگواستن.
بەپێی ئامارەکانی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، لە دوای شەڕی ١٢ی ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیلەوە، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران زیاتر لە ٣٤٠ هاووڵاتیی کوردیان لە شارە جۆربەجۆرەکانی پارێزگاکانی ئیلام، ورمێ، کوردستان، کرماشان، تاران، و خوراسانی باکوور دەسبەسەر کردووە.